بڵێسە جەبار فەرمان: ئامادەین بۆ دووبارە بوونەوەی سیناریۆی 2018، بەڵام پارتی ئامادەنییە

چاوپێکەوتن

04/08/2022     ژمارەی بینراو 608

راچڵەكین-

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت، وەك یەكێتی بۆ دووبارە بوونەوەی سیناریۆكەی ساڵی 2018 ئامادەیی خۆیان دەربڕیووە، بەڵام ئەوەندەی تێگەیشتبێت پارتی ڕازی نییە بەوەی بەوشێوەیەی 2018  پۆستی سەرۆككۆمار یەكلایی بكرێتەوە. 

بڵێسە جەبار فەرمان لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار ئاماژەی بەوەكردووە:" " ئێمە پۆستی سەرۆككۆمار بەپشكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەزانین، وە بۆ ئەو پۆستە هەڤاڵێكی خۆمان كاندید كردووە كە لەلایەن سەركردایەتیەوە تەنها دكتۆر بەرهەم ساڵح كاندیدە بۆ ئەو پۆستە، دانوستان و دانیشتنمان لەگەڵ هەموولایەنەكاندا پێباشه،‌ بەڵام ڕەتكردنەوەی كەسی، وە بەشەخسی كردنی پۆستەكانمان پێباش نییە، هەتا ئێستا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی نەكراوە لەدوایین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بڕیار تەنها هەڤاڵ دكتۆر بەرهەم بوو. "

سەبارەت بە ئەگەری دوبارەبوونەوەی سیناریۆی 2018 هەیە ئەگەر پەرلەمان دانیشتنەكانی دەستپێكردەوە؟ لە وەڵامدا، بڵێسە جەبار فەرمان وتی: " ئێمە ئامادەین بۆ ئەوە ئامادەیی خۆمانمان دەربڕیووە ئەوە پەرلەمانتاران سەرپشكن و ئازادن لەوەی دەنگ بەكێ دەدەن، بەڵام ئەوەندەی من تێگەیشتبێتم پارتی ڕازی نییە بەوەی بەوشێوەیەی 2018 (بوونی دوو كاندیدی جیاوازی پارتی و یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار "

بە پێی میدیا لۆكاڵییەكان، لە زاری چەند بەرپرس و پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو حیزبە پێی باشە بۆ یەكلاییكردنەوەی یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، لە ڕێگای پەرلەمانی هەرێمی كوردستانەوە یەك كاندید دیاری بكرێت.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی ئێوە وەك یەكێتی ڕازی نیین پەرلەمانی كوردستان ئەم كێشەیە یەكلایی بكاتەوە كە نوێنەری خەڵكی كوردستانی لێیە وەكو دەڵێن؟ لە وەڵامدا بڵێسە جەبار فەرمان وتی"پەرلەمانتارەكانی كە لەبەغدادن نوێنەری گەلن بەهەمان شێوە هەموو حیزبە كوردییەكانی تر كە لەبەغدادن ئەوە پەیوەندیدارترن بەم پرسە نەك پەرلەمانی كوردستان. "

لەبارەی دۆخی ئێستای عیراق و كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان:"بێگومان ئێمە هەمیشە وتومانە كە ئێمە وەكو كورد نامانەوێت لایەنگری هیچ لایەنێك بین، ئێمە لەگەڵ سازانی سیاسین، لەگەڵ سازانی هەموو لایەنەكانین هەر لەسەتاوە هەتا ئێستاش جەختمان لەسەرئەوە كردۆتەوە ئەمە سیاسەتی یەكێتیە كە ئێمە دەمانەوێت سازان لەنێوان هەموو لایەنەكاندا هەبێت لەبەرئەوەی بەحوكمی ڕابردوو و بەحوكمی خوێندنەوەمان بۆ دۆخەكە دەزانین كە هەركات لایەنگری دروست بوو و سازان دروست نەبوو، بێگومان بەرەو شەڕی ئەهلی دەڕۆین ئەمەی ئێستا دەیبینین دەستپێكی ئەو شەڕە ئەهلیەیە من بە بۆچوونی تایبەتی خۆم لەو بڕوایەم ئەگەر ئێستاش ئەو شەڕی شیعە بە شیعەیە ڕوونەدات بێگومان لەئایندەدا دوای خولێكی تری پەرلەمان كە هەمان ئەو كەسانە هەڵدەبژێرنەوە و هەمان ئەو سیاسیانە دەڕۆنەوە گۆڕەپانی سیاسی عێراقی، بێگومان ئەم شەڕە هەڵاتنی نییە و هەردەبێت ڕووبدات ئەگەر ئێستاش ڕوونەدات، بەڵام شەڕێكی ماڵوێرانكەر دەبێت بۆیە گرنگە بۆ كورد وەكو هەرێمی كوردستان كە ئێمە لایەنگری هیچ لایەنێك نەبین هەتا ئەوكاتەی دەتوانین هەوڵی سازان بدەین لەنێوان لایەنەكاندا و هەوڵی میانگیری بدەین . "

لەسەر ئەم دەستپێشخەریه، هەندێك ڕەخنەی ئەوە دەگرن دەڵێن لەهاوڵاتیان دەڵێت كورد ماڵی خۆی پێ ڕێكناخرێت! كەچی دەیەوێت لایەنە عێراقیەكان ڕێكبخات، لە كاتێكدا بەتایبەتی پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار ڕێكنەكەوتوون وەكو لایەنە كوردییەكان دەتوانن ئەو كێشە گەورەیەی نێوان ماڵی شیعەكان چارەسەربكەن لەكاتێكدا پارتی و یەكێتی ماوەی 10 مانگە ڕێكنەكەوتوون لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار .

بەڵام ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان(بڵێسە جەبار فەرمان) دەڵێت" بێگومان كێشەكان بەئێمە چارەسەرناكرێت كێشەی ماڵی شیعەكان ئەم ململانێیەی كە هەیە ڕاستە یەك مەزهەبە، بەڵام دوو مەدرەسەی جیاوازه،‌ ئەم ململانێیە كۆنە و هەربەردەوامی دەبێت وەكو ئاگادارین لەناو شیعەدا شیعەی 12 مەزهەب هەیە و شیعەی 8 مەزهەب هەیە واتە لق و بۆچوونی جیاوازیان هەیە و ئەم شەڕە هەربەردەوامی هەیە ئێمە دەبێت هەوڵبدەین كە شەڕێكی خۆێناوی لەعێراقدا ڕوونەدات لەبەرئەوەی ئێمە بمانەوێت و نەمانەوێت بەشێكین لەعێراق بێگومان ئەو ماڵوێرانكەریە ئێمەش دەگرێتەوە، سەبارەت بەوەی پارتی و یەكێتی ناڕێكن بەڵێ نەك تەنها پارتی و یەكێتی بەڵكو هەموو حیزبە كوردییەكان ڕێك نیین و یەكڕیز نین كە ئێمە هەمیشە وتومانە ئەمە دەبێتە مایەی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان ئەگەر بەوشێوەیە بڕوات، وە پێویست دەكات یەكگرتوو بن هەرهیچ نەبێت لەسەر هەندێك مەسەلەی ستراتیژیی و نەتەوەیی و نیشتیمانی. "

بڵێسە جەبار فەرمان، ئاماژەی بە كاریگەری ئەو ڕووداو و خۆپیشاندانانەی ئێستای بەغداد كردەوە و وتی" یەكێك لەكاریگەریە ڕاستەوخۆكانی بێگومان ئەم دەستدرێژیانەی حكومەتی توركیا دەبێت بۆسەر هەرێمی كوردستان و بۆسەر عێراق بەگشتی كە بەوشێوەیەی ئێستا بەردەوامە وەكو دەیبینین هەمووڕۆژێك بە درۆن لەملاو لەولا خەڵك شەهید دەكرێت و ئۆتۆمبێل دەكرێتە ئامانج ئەمانە زیاتر دەبێت كە عێراق لاوازتر بوو و خۆی پێوە بەڕێوەنەبرا بێگومان دەستێوەردانی دەرەكی و ئەم دەستدرێژیانەی سەر سنورەكان بێگومان زیاتر دەبێت، ئەمە یەكێكە لەخاڵەكان كە هەرێمی كوردستان زیاتر بەدەستیەوە دەناڵێنێت، بێگومان نەهاتنی 200 ملیارەكە وەكو وتم ئێمە بەشێكین لەعێراق و ئابوریمان بەستراوەتەوە بە ئابوری عێراقەوە ئەمانە هەمووی دەرئەنجامی نابێت بۆ هەرێمی كوردستانیش. "

سەبارەت بەگواستنەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكان لەعێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان ئەمە هەتاچەند كاریگەری دەبێت واتە خەڵكی هەرێم چاو لەبەغداد بكات؟ بڵێسە جەبار فەرمان دەڵێت" ئەو خۆپیشاندانەی كە لەعێراقدا هەیە خۆپیشاندانێكی سیاسیە ئەمەی كە بوترێت ئەمە خۆپیشاندانی گەلە و داواكاری هەیە لەڕاستیدا ئەمە ڕاست نییە، وەكو دەبینین تەنها ئامانجیان پەرلەمان بوو، وە چوونە سەر پەرلەمان ڕوونە لەبەرئەوەی سەدر لەپەرلەماندا نەماوە و كشاوەتەوه،‌ بەڵام هەتا ئێستا هیچ دروشمێكیان دژ بەحكومەتی عێراقی نەوتووە و لەبەردەم هیچ دامودەزگایەكی حكومەتی عێراقیدا خۆپیشاندان نەكراوە واتە ئەم كەسانەی كە چوونەتە سەر شەقام و خۆپیشاندانیان كردووە خۆپیشاندانی گەلی عێراق نییە وەكو خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری چەند ساڵی پێشووتر ئەمە خۆپیشاندانێكی سیاسیە و لایەنێك دژ بەلایەنێكی ترە لەبەرئەوە گواستنەوەی بۆ هەرێمی كوردستان بە چ شێوازێك بۆ هەرێمی كوردستان، ڕاستە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەدەست چەندین قەیران دەناڵێن بەڵام خۆپیشاندانی كوردستان بەوشێوازەی بەغداد نابێت وەكو وتم ئەوان لایەنێك دژ بەلایەنێكی ترە. "

بڵێسە زیاتر ڕونیكردەوە " ئەگەر خۆپیشاندان لەهەرێمی كوردستان بكرێت هاوڵاتیانی هەرێم ناڕازین لەهەندێك قەیران و لەهەندێك ئسلوبی هەرێمی كوردستان دژ بەوە خۆپیشاندان دەكەن بەبۆچوونی من ناكرێت خۆپیشاندانەكانی هەرێم ئەگەر بكرێت بەراورد بكرێت بە خۆپیشاندانەكانی بەغداد، خۆپیشاندانەكانی بەغداد سیاسین و مەرامی سیاسی لەپشتە دژ بەحكومەت نییە و تەنها و تەنها دژ بە پەرلەمانە و لایەنێك دژ بەلایەنێكی ترە. "

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن