هه‌ڵوێستی سودانی له‌باره‌ی ئه‌مریكا چۆنه‌؟

عێراق

17/10/2022     ژمارەی بینراو 385

راچڵه‌كین-
كاندیدی راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئالینا رۆمانۆسکی جەختی لەوە کردەوە کە عێراق خواستی ھەیە پەیوەندی و ھاوبەشییەتی ستراتیجیی لەگەڵ ئەمریکا پتەوتر بکات.
نووسینگەی راگەیاندنی راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئالینا رۆمانۆسکی کۆبووەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا تاوتوێ کراوە، ھەروەھا ھەردوولا جەختیان کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە لە قۆناغی داھاتوودا، کار بکرێت لە پێناو پتەوترکردنی ئاسایش و سەقامگیریی لە عێراق و ناوچەکە.
باسی لەوەش کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، محەمەد شیاع سوودانی خواستی عێراقی نیشانداوە بۆ پتەوترکردنی پەیوەندی و ھاوبەشییەتی ستراتیجیی لەگەڵ ئەمریکا، ئەوەیش لە میانی کارکردنی زیاتر لەسەر بوارە جیاوازەکانی رێککەوتننامەی ستراتیجیی، بە تایبەتی لە بوارە ئابووریی، فێرکاریی، رۆشنبیری و سیاسییەکاندا، ھەروەھا رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی ئاووھەوا و ھاریکارییە ئەمنییەکان لەڕووی پێشکەشکردنی پاڵپشتی و راوێژکاریی بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە سوودانی ھەروەھا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە حکوومەتی داھاتووی عێراق پەرۆشی ئەوەیە، درێژە بدات بە گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا و ھەوڵیش دەدات ناکۆکییەکان چارەسەر بکات.
راشیگەیاندووە کە راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە عێراق پەیوەندییەکی بنیاتنەرانە و ھاوسەنگی لەگەڵ وڵاتاندا ھەبێت.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە لای خۆیەوە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئالینا رۆمانۆسکی پاڵپشتی حکوومەتی ئەمریکای بۆ عێراقێکی فیدراڵ، خاوەن سەروەریی، سەقامگیر و گەشەسەندوو و یەکگرتوو دووپات کردووەتەوە و ھەروەھا ئامادەیی حکوومەتی وڵاتەکەی بۆ یارمەتییدانی عێراق لە بنبڕکردنی گەندەڵیی نیشانداوە.
ئالینا رۆمانۆسکی ھەروەھا خواستی ئیدارەی ئەمریکای بۆ بەردەوامیدان لە ھاریکارییەکانی لەگەڵ عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و شکستپھێنانی پاشماوەکانی داعش نیشانداوە و رایگەیاندووە کە عێراق رۆڵێکی سەرەکیی و ستراتیجیی ھەیە لە ناوچەکەدا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن