ئوستوڕالیا سەركەوتنی بەسەر تونس بەدەستهێنا

وەرزش

26/11/2022     ژمارەی بینراو 263

راچڵەكین –

هەڵبژاردەی ئوستوڕالیا لە گەڕی دووەمی یارییەكانی جامی جیهانیی 2022 لە كۆمەڵەی چوارەم، بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر لە هەڵبژاردەی تونس-ی بردەوەو ئومێدی گەیشتن بە خولی 16ی مۆندیالی بۆ گەڕایەوە.

ئەمڕۆ شەممە، لەیاریگای جنوب، هەردوو هەڵبژاردەی ئوستوڕالیاو تونس رووبەڕووی یەكتر بوونەوە، لە یارییەكی ئاست مامناوەنددا یاریزانانی ئوستوڕالیا بە تاكە گۆڵێك كە لەخولەكی 23 تۆماریان كرد، توانییان سێ خاڵی بەنرخ بەدەستبهێنن و ركابەریی گەیشتن بە قۆناغی 16ی مۆندیال بكەن.

هەڵبژاردەی تونس كە لەیاری یەكەمیدا بەرامبەر هەڵبژاردەی دانیمارك بەبێ گۆڵ یەكسان بوو، لەیاریی ئەمڕۆیدا چەند دەرفەتێكی بۆ رەخسا لەپێناو یەكسانكردنەوەی ئەنجامەكە، بەڵام نەیتوانی دەرفەتەكان بقۆزێتەوە، بەم ئەنجامەش ئەو هەڵبژاردە عەرەبییە دەرفەتی گەیشتن بە قۆناغی 16ی مۆندیال تائاستێكی زۆر لەدەستداوە، بەوپێیەی خاوەنی تەنها یەك خاڵەو یاری داهاتوویشی بەرامبەر هەڵبژاردەی فەرەنسایە، كە ئەستەمە بتوانێت یارییەكە لە بەرژەوەندی خۆی یەكلایی بكاتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن