راچڵەكین -
حوسێن عەبدوڵڵا، جوتیارێكی ناوداری پارێزگای دهۆكە و دەیان دۆنم زەوی لە باپیرانییەوە بۆ ماوەتەوە و پەرەی پێداوە و ئێستا زیاتر لە 17 جۆر ترێی لێ بەرهەم دەهێنێت.
ئەو جوتیارە خەڵكی گوندی دێرگژنیكی سەر بە ناحیەی مانگێشكە لە پارێزگای دهۆك، تەمەنی 13 ساڵ بووە كاتێك لەگەڵ باوكی دەستی بەكاركردن كردووە و، زیاتر لە بیست ساڵە كاری كشتوكاڵیی دەكات.
حوسێن عەبدوڵڵا چەند ساڵێكە هەوڵی پەرەپێدان بە پیشەكەیداوە و، ئێستا زیاتر لە 17 جۆری ترێ بەرهەم دەهێنێت كە گرنگترینیان بریتییە لە (حەلوانی، كەمالی، حجازی، زەرك، ڕێد گلوپ، میرانی، تایفی، كشمش، بیت مونی، یاقوت، فەرەنسی، ڕوومان، زەیتونی، ڕەشمیری، ڕەش مێو، سلێمانی ڕەش و، ئەڵمانی)، ساڵانە چەندین تۆن ترێ دەخاتە بازاڕەوە، وەكخۆی دەڵێت ناوچەی دۆسكی ئاووهەوا و خاكێكی گونجاوی هەیە بۆ چاندنی دارمێو، ئەوەش دەخاتەڕوو كە شەش دۆنم ڕەزی ترێ و قۆخ-ی هەیە و ئەمساڵیش نزیكەی شەش تۆن ترێ دەخاتە بازاڕەوە.
لە سنووری پارێزگای دهۆك 20 هەزار دۆنم زەوی بە ترێ چێندراوە و بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی دهۆك، سەرباری ئەوەی ئەمساڵ وشكەساڵی بوو، بەڵام جوتیاران بەشێوەیەكی زانستی كاری ئاودانیان بۆ بەرهەمەكانیان كردووە، بۆیە مەزەندە دەكرێت بەرهەمی ترێ لە سنووری ئەو پارێزگایە، گەیشتبێتە 60 هەزار تۆن.
بەشێكی زۆر لە جووتیاران بەرهەمی ترێ دەكەن بە مێووژ و لەبازاڕ دەیفرۆشن، یەكێك لەوانەش حوسێن دێرگژنیكییە و لەمبارەیەوە دەڵێت: "خواستێكی زۆر لە سەر مێووژ هەیە، ڕاستە ئێمە زۆر پێیەوە ماندوو دەبین تا ترێ دەكەین بە مێووژ، پێنج كیلۆ ترێ دەبێتە یەك كیلۆ مێووژ، هەروەها شەربەتی سرووشتی لە ترێ دروست دەكەین، بە تایبەت لە جۆری ترێی ( ڕەش مێو، فەرەنسی، زەیتوونی، سلێمانی ڕەش)".