راچڵەكین -
پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی بكوژی ئەو هاووڵاتییەی شارەكە رادەگەیەنێت، كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لەكاتی لایڤی تیكتۆك-دا بە دەستڕێژی گوللە كوژرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دوای ئەوەی بەربەیانی ئەمڕۆ، لە ڕووداوێكی كوشتن لە گەڕەكی باداوەی شاری هەولێر ئاگاداركرانەوە، هێزەكانیان دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكەو پاش بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە، دەركەوت كە تۆمەتباری سەرەكیی بەرەو شاری دهۆك هەڵهاتووە، تیمەكانی بەدواداچوون ڕاستەوخۆ دەستبەكاربوون و توانرا لە ماوەیەكی پێوانەییدا، بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی پارێزگای دهۆك، تۆمەتبارەكە دەستگیر بكرێت.
پۆلیسی هەولێر ئاشكرایكردووە، لەلێكۆڵینەوەی سەرەتاییەكاندا دەركەوتووە رووداوەكە بەهۆی كێشەیەكی خوێنداریی بووە، لە ئێستاشدا پەڕاوی لێكۆڵینەوە كراوەتەوە و ڕێكارە یاساییەكان بەردەوامن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، هاووڵاتییەكی شاری هەولێر بەناوی رێكۆ خەیلانی، لەكاتی لایڤی تیكتۆك-دا لەبەردەم دوو منداڵەكەی دەستڕێژی گوللەی لێكرا و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.