راچڵەكین-
لەكاتی سەردانیكردنی پاتریارك مارپۆڵسی سێیەم نۆنا، سەرۆكی كەنیسەی كلدانیی لە عیراق و جیهان بۆ شاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەكری پارێزگار لە دەربەندی بازیان و لە یەكێك لە كۆنترین شوێنەوارەكانی كڵێسای مەسیحییەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە مێژووەكەی بۆ سەدەی چوارەمی پاش زایین دەگەڕێتەوە، "كتێبێكی پیرۆز- ئینجیل"ی بە زمانی كوردیی، لە بەرگێكی ناوازەو كودەواریانەدا پێشكەش كرد.
بەرگی كتێبی پیرۆز، لەسەر داوای پارێزگاری سلێمانی، لەلایەن خانمە هونەرمەند شاناز جەمال-ەوە، چنراوەو نەخشێنراوە.
بەگوێرەی ئەز زانیاریانەی لە لاپەڕەی فەرمی پارێزگاری سلێمانیدا بڵاوكراوەتەوە، بەشی سەرەكی بەرگەكە لە پارچەیەك جاجمی ڕەسەنی كوردەواریی پێكهاتووە؛ كە مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە هەشتا ساڵ لەمەوبەر. ئەم جاجمە بە دەست و پەنجەی خانمێكی كورد چنراوە و بەشێكی گرنگە لە میراتی نەتەوەی كورد، كە بۆ ماوەیەكی درێژ پارێزراوە و بۆ ئەم كارە تایبەتە تەرخانكراوە.
بۆ ڕازاندنەوەی بەرگەكە، لە بەردی پیرۆزە، یاقوت و چەندین جۆری دیكەی بەردی بەنرخ، هەروەها سیمی ئاڵتونیی و قوماشی قەدیمی گورون سوودوەرگیراوە. ڕەنگی سەوز و ئاڵتونیی، كە بە شێوەیەكی ورد و هونەریی بەكارهاتوون، هێمای ژیان، نوێبوونەوە، هیوای باشتر و تیشكی خۆری ئاشتیی و گەشەكردنن.
هەروەها بۆنێكی تایبەتی ئارامبەخش بۆ ئەم بەرگە بەنرخە بەكارهاتووە، بۆ ئەوەی هەركات و لە هەر شوێنێكی بەنرخدا بپارێزرێت، هەستی ئارامیی، پاكیی، ئاسودەیی و ڕۆحێكی پڕ لە هیوای باش بە دڵی خوێنەران و سەیركەران ببەخشێت.