راچڵەكین -
دوای چەندین ساڵ خۆشاردنەوەی لەدەست یاسا، سەرەنجام هونەرمەندی لوبنانی فەزڵ شاكر، كە لەلایەن دادگای وڵاتەكەیەوە بە تۆمەتی هاوكاریكردنی گروپی تیرۆریستی، داواكراو بوو، خۆی رادەستی سوپای لوبنان كرد و چارەنووسیشی كونجی زیندان دەبێت.
سوپای لوبنان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەئەنجامی زنجیرەیەك پەیوەندی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان، تۆمەتباری داواكراو فەزڵ عەبدولڕەحمان شەمەندەر، ناسراو بە فەزڵ شاكر، لە دەروازەی كەمپی عەین حەلوە، لە شاری سەیدای باشووری لوبنان، خۆی رادەستی هێزێكی سەر بە دەزگای هەواڵگریی سوپای لوبنان كرد.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، فەزڵ شاكر تۆمەتبارە بە تێوەگلان لە رووداوە خوێناوییەكەی 24ی حوزەیرانی 2013 لە ناوچەی عەبرا-ی نزیك شاری سەیدا، كە بووە هۆی كوژرانی 18 سەربازی لوبنانی و 11 چەكداری سەر بە گروپەكەی شێخ ئەحمەد ئەلئەسیر، كە لەلایەن سوپای لوبنانەوە بە گروپێكی تیرۆریستی ناسێندراوە.
فەزڵ شاكر-ی تەمەن 56 ساڵ كە پێشتر یەكێك بوو لە گۆرانیبێژە ناودارەكانی لەسەر ئاستی لوبنان و جیهانی عەرەبی، ساڵی 2012 بەشێوەیەكی كتوپڕ وازهێنانی لە گۆرانی ووتن هێنا و بووە یەكێك لە شوێنكەوتووەكانی شێخ ئەحمەد ئەلئەسیر.
لەدوای رووداوە خوێناوییەكەی ساڵی 2013، فەزڵ شاكر بۆماوەی پێنج ساڵ خۆی لەبەرچاوان وون كرد و هیچ زانیارییەكی لەبارەوە نەبوو، تا ساڵی 2018 كە لەناكاو دەركەوت و لە وتەیەكدا رایگەیاند كە دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ جیهانی هونەر و گۆرانییەكی نوێشی پێشكەشی هەوادارانی كرد.
ساڵی 2020 دادگای سەربازیی لوبنان بەشێوەیەكی غیابی، سزای 22 ساڵ زیانیكردنی بەسەر فەزڵ شاكر دا سەپاند بەتاوانی ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی و پارەداركردنی گروپی چەكداری، دواتر سزای 7 ساڵی دیكەشی بە تاوانی پارەداركردنی گروپە چەكدارییەكەی شێخ ئەحمەد ئەلئەسیر و دابینكردنی خەرجیی چەك و تەقەمەنیی گروپەكە، بەپێی یاساكانی لوبنانیش، هەموو جۆرە سزایەكی غیابی بە كارپێكراو دادەنرێت، تا ئەوكاتەی تاوانبارەكە دەستگیر دەكرێت، یان خۆی رادەست دەكات، ئەوكات سزاكە هەڵدەوەشێتەوەو دووبارە لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی كراون، دادگایی دەكرێتەوە.