راچڵەکین –
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان "لە
پێناو پاراستنی یەکریزی نیشتمانیی و کۆدەنگی هێزە سیاسییەکان"دا دانیشتنەکەی ئەمڕۆی
دواخست و بەوەش رێی نەدا بەبێ سازانی هێزە سیاسییەکان ئەنجوومەنی کۆمسیارانی
هەڵبژاردن کارابکرێتەوە.
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی
کوردستان کۆتایی بە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ هێنا کە بەبێ رەزامەندی خۆی و سازان لەگەڵ
فراکسیۆنی یەکێتی بڕگەیەکی تایبەت بە کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمسیارانی
هەڵبژاردن بۆ زیادکرابوو.
گرژییەکە لە دوێنێوە سەریهەڵدا، کاتێك جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە پارتی و سکرتێری
پەرلەمان لە تورکمان، بە بێ رەزامەنی سەرۆکی پەرلەمان بڕگەکەیان بۆ دانیشتنەکەی
ئەمڕۆ زیادکرد.
یەکێتی پێشتر هۆشداری دابوو کە ئەو هەنگاوە تاکڕەوییە و ناکۆکییە
سیاسییەکان قوڵتر دەکاتەوە.
ئەمڕۆش کاتێك دانیشتنەکە دەستیپێکرد، رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی
کوردستان رایگەیاند: ئەو بڕگەیەی کە بۆ دانیشتنەکە زیادکراوە ناپەیڕەوییە، بۆیە لە پێناو
پاراستنی یەکریزی نیشتمانیی و کۆدەنگی هێزە
سیاسییەکان بڕیاری دا دەسەڵاتی رەها و بێ قەیدوشەرتی خۆی بەکاربهێنێت و دانیشتنەکەی
ئەمڕۆ بۆ کاتێکی نادیار دوا بخات.
بەوەش دانیشتنەکەی ئەمڕۆ کۆتایی هات و سەرۆکی پەرلەمان هۆڵی پەرلەمانی
بەجێهێشت.
دواتریش ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی چوونە سەر سەکۆی پەرلەمان و رێگەیان نەدا
جێگری سەرۆکی پەرلەمان باس لە بەردەوامبوونی دانیشتنەکە بکات.
پاش کۆتاییهاتنی دانیشتنەکەش فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند ئەنجوومەنی
کۆمسیارانی هەڵبژاردن بە دەنگی 58 پەرلەمانتاری پارتی و پێکهاتەکان درێژکراوەتەوە،
بەڵام یەکێتی جەختیکردەوە لەوەی هیچ دەنگدانێك لە پەرلەمان نەکراوە و کۆمسیۆن
کارانەکراوەتەوە،
سەرۆکی پەرلەمانیش بە لێدوانێك ئەوەی رەتکردەوە کە کۆمسیۆن کاراکرابێتەوە و
بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان کۆتایی هات، وەك ئەوەیە
مردبێت و مردوو زیندوو نابێتەوە.