دەرهێنەرێكی دیاری ئێران و هاوسەرەكەی كوژران

هەمەڕەنگ

15/10/2023     ژمارەی بینراو 1069

راچڵەكین-

شەوی رابردوو تەرمی گەورە دەرهێنەری ئێرانی داریوش مهرجویی و وەحیدە محەممەدی فەریلەی هاوسەری، لە ماڵەكەی خۆیاندا دۆزرایەوە.

حەمید هداوەند بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ئەلبۆرز رایگەیاند:" درەنگانی شەوی رابردوو هێزەكانمان ئاگاداركراونەتەوە لە كوژرانی دەرهێنەری گەورەی ئێران داریوش مهرجویی و وەحیدە محەممەدی فەریلەی هاوسەری لە ڤێلا تایبەتەكەی خۆیان لەە شارۆچكەی زیبادەشتەوە".

وتیشی:"كچی داریوش مێهرجویی كاژێر 22:25 خوولەك سەردانی ماڵی باوكی دەكات، زەنگی دەرگا لێدەدات، بەڵام كەس وەڵام ناداتەوە، بە كلیل دەرگا دەكاتەوە، كاتێك دەچێتە ژوورەوە دەبینێت باوك و دایكی بە چەقۆ كوژراون."

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ئەلبۆرز، ئەوەی روونكردەوە:" لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا دەركەوتووە، داریوش و هاوسەرەكەی لە رێگەی چەقۆوە زیان بە مل و جەستەیان گەیەندراوە و لە ئەنجامدا گیانیان لەدەستداوە".

باسی لەوەشكرد:" تاوەكو ئێستا هۆكاری رووداوەكە نازانرێت و تۆمەتبارەكەش كەسێكی نەناسراوە، بەڵام لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە بە مەبەستی دۆزینەوەی تۆمەتبارەكە".

داریوش مێهرجویی، دەرهێنەر، نووسەر و فیلمساز رۆژی 09-12-1939 لە تاران لەدایكبووە؛ ئەو جگە لە كاری سینەما، رۆماننووس و وەرگێڕیش بووە.
 
مێهرجویی لە ئەمریكا بەشی فەلسەفەی خوێندبوو، ساڵی 2014 خەڵاتی شوالیەی ئەدەب و هونەری فەرەنسای پێدرا. ساڵی 1969 یەكەمین فیلمی خۆی بەناوی "مانگا" بەرهەمهێنا، كارەكانی بە نوێگەری لە سینەمای ئێراندا سەیر دەكرێن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن