دووەمین لیستی فەرمانبەران ئاڕاستەی بانكی تی بی ئای دەكرێت

کوردستان

23/05/2024     ژمارەی بینراو 674

راچڵەكین -

وەزارەتی دارایی دووەمین لیستی فەرمانبەرانی هەرێم ئاڕاستەی بانكی (TBI) دەكات كە ژمارەیان 453 فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەكە، راشیدەگەیەنێت: هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانكەكە ئامادە دەكەین.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەمە، لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە ڕێگای پرۆژەی هەژماری من، و بە پشتبەستن بە رێكەوتنی وەزارەت لەگەڵ بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بۆ ناردنی زانیاری فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ دووەمین هەفتە لەسەریەك، وەزارەتی دارایی زانیاریی 453 فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەكانی هەرێمی كوردستان نارد.

لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە ئامادەكردنی لیست و زانیاری مووچەخۆران كە ئەم بانكە هەڵدەبژێرن لەنێوان حەوت بانكەكەی ناو پڕۆژەی هەژماری من بەپێی ئەو پرۆسەیەی كە بانكی ناوەندی عێراق پەسەندی كردووە و هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانكەكە ئامادە دەكات.

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشكردووە، حكومەتی هەرێم بە پەرۆشەوە چاوەڕێی وەرگرتنی خشتە و زانیاری پێویستە دەربارەی پرۆسەی كردنەوەی هەژمارەكان و چاپكردنی كارتەكان بۆ ئەو فەرمانبەرانەی كە هەفتەی رابردوو زانیارییەكانیان بۆ بانكی ناوبراو نێردرابوو، داواشی لە بانكی تی بی ئای كردووە بە زووترین كات دەست بە كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەرانی خوازیار بكات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن