هەوڵی تەقینەوەی گەورە لە کۆنسێرتی تایلەر سویفت دراوە؛ کۆنسێرتەکەی هەڵوەشایەوە

هەمەڕەنگ

08/08/2024     ژمارەی بینراو 278

راچڵەکین-

دەسەڵاتدارانی نەمسا ڕایانگەیاند کە "هێرشێکی تیرۆریستییان پووچەڵ کردووەتەوە کە پلانی بۆ دانرابوو کۆنسێرتەکانی سویفت لە ڤییەنا بکاتە ئامانج".

بەرپرسانی ئەمنی نەمسا ڕایانگەیاند، دوو گەنجیان دەستگیرکردووە کە یەکێکیان لایەنگری داعشە، لە پەیوەندی بە هێرشێکی خۆکوژییەوە لە میانی کۆنسێرتی دوو ڕۆژەی تایلۆر سویفت، گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئەمریکی لە نەمسا.

گەنجێکی تەمەن 19 ساڵ کە دەوترێت لایەنگری داعشە، دانی بەوەداناوە کە خۆی ئامادە کردووە بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی خۆکوژی لە میانی کۆنسێرتێکی تایلۆر سویفت لە ڤیەنا.

بەهۆی ئەم رووداوەوە، کۆنسێرتی ئەو هونەرمەندە هەڵوەشایەوە.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسی دەزگای هەواڵگری نەمسا، نووسیویەتی "ئامانجی (گومانلێکراوەکە) کوشتنی خۆی و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بووە لە کاتی کۆنسێرتەکەدا".

تۆمەتباری دووەم گەنجێکی نەمساییە و تەمەنی 17 ساڵە و لەلایەن کۆمپانیایەکی بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانەوە، بڕیاربووە وەک ئامادەکار لە یاریگاکە کاربکات.

هەروەها بەرپرسانی ئەمنی ڕایانگەیاندووە، لە شووقەی تۆمەتباری سەرەکی، تەقەمەنی و مادەی تەقاندنەوە دۆزراوەتەوە.

بڕیاربوو کۆنسێرتەکەی تایلۆر سویفت لە ڕۆژانی 8-9ی ئاب لە شاری ڤییەنای پایتەختی نەمسا بەڕێوەبچێت.

هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتەکانی سویفت نەک هەر هەوادارانی بێهیوا کردووە، بەڵکو زەربەیەکی گەورەی لە ئابووری ناوخۆیی لێکەوتەوە.

گەشتە کۆنسێرتەکەی سویفت "Eras" یەکێک بووە لە گەشتە پڕفرۆشەکانی مێژووی مۆسیقا، بە 152 نمایش، لە مانگی ئازاری 2023 دەستی پێکردووە و تا ئێستا زیاتر لە دوو ملیار دۆلار بلیت فرۆشراوە.

پێشبینی دەکرێت ئەم ڕێژەیە تا کۆتایی ئەم گەشتە لە کەنەدا لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.

لە لایەکی دیکەوە، بۆ نموونە گەشتە کۆنسێرتەکەی سویفت لە لەندەن، نزیکەی 380 ملیۆن دۆلاری بۆ ئابووری شارەکە دەستکەوتووە.

لە ساڵانی ڕابردوودا کۆنسێرت و بۆنە گەورەکانی مۆسیقا لە ئەوروپا بوونەتە ئامانجی "هێرشی تیرۆریستی".

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2105 هێرشبەرانی داعش هێرشیان کردە سەر شانۆی باتاکلان لە پاریس و لانیکەم 130 کەسیان کوشت.

هەروەها داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە کۆنسێرتێکی ئاریانا گراندێ لە شاری مانچستەر لە مانگی ئایاری ٢٠١٧ لە ئەستۆ گرت کە بووە هۆی کوژرانی 22 کەس.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن