راچڵەكین-
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو جووتیارانەی 50 تۆن كەمتر گەنمیان رادەستی سایلۆ كردووە، لەو قۆناغەدا پارەی گەنمەكانیان پێدەدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی تشرینی یەكەمی 2025 نەوزاد شێخ كامیل، بە میدیای نزیك لەپارتی راگەیاند، وەزارەتی بازرگانی عیراق بڕی 15 ملیارو 500 ملیۆن دیناری وەك گوژمەی دووەمی پارەی گەنمی جووتیارانی رەوانەی هەرێمی كوردستان كردووە.
وتیشی:" چەكی بانكیی هاتووە و ڕێكارە كارگێڕی و داراییەكان دەستیان پێ كردووە، لەسەرەتای هەفتەی داهاتوودا دەست بە دابەشكردن دەكرێت."
سەبارەت بەوەی پارەكە بەسەر كێ دابەش دەكرێت، بەرپرسەكەی بازرگانی وتی:" ئەو جووتیارانەی 50 تۆن بەرەوخوار گەنمیان رادەستی سایلۆ كردووە، پارەی ئەوان دەدرێت، پارەكە تەواوكاری قۆناغی یەكەمە، لە هەر سایلۆیەك ئەوەی 50 تۆنی مابێت، پارەی ئەوانی لێ دەدرێت، هێشتا نەهاتووینەتە سەر قۆناغی سەرووی 50 تۆن".
جەختی كردەوە، بڕەپارەی دیكە بنێردرێت قۆناغی دووەم كە 50 تۆن بەسەرەوەیە دابەش دەكرێت.
رۆژی 15ی 9ی 2025، وەزارەتی بازرگانیی فیدڕاڵ قۆناغی چوارەمی پارەی گەنمی جووتیارانی خەرج كرد، لە قۆناغی چوارەمدا 500 ملیار دینار بوو، لەو بڕەش بەشی هەرێمی كوردستانی تێدابوو كە 57 ملیار دینار بوو، لە 30ی9ی 2025وە دەست بە دابەشكردنی كرا.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ڕاشیگەیاند، بۆ هەر تۆنێك گەنم بڕی 800 بۆ 850 هەزار دینار بە جووتیاران دەدرێت.
ڕۆژی 10ی 6ی 2025، دەرگای سایلۆكان بە ڕووی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران كرایەوە و بڕی 391 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی كوردستان وەرگیرا.