ڕاچڵەکین سپۆرت -
یانەی بەرشەلۆنە بە فەرمی ڕایگەیاند، ڕۆبەرت لیڤاندۆڤسکی هێرشبەری پۆڵەندی تووشی دڕانی ماسولکەی لە ڕانی چەپی بووە، ئەوەش دووپاتیدەکاتەوە کە گەڕانەوەی بەندە بە بەرەوپێشچوونی بارودۆخی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا.
یانەکە لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆیەوە ڕوونیکردەوە، یاریزانەکە بەرنامەی چارەسەری تایبەتی بۆ دەکرێت، بەبێ ئەوەی وادەی دیاریکراوی گەڕانەوەی دیاری بکات.
بەڵام ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاشکرای کردووە، ئەو جۆرە پێکانانە بە شێوەیەکی ئاسایی پێویستیان بە سێ بۆ شەش هەفتەیە بۆ چاکبوونەوە، واتە بە دڵنیاییەوە بەشداری لە یارییەکەی یەکشەممەی ئیل کلاسیکۆ بەرامبەر ڕیال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە لالیگا ناکات.
پێکانەکەی لیڤاندۆڤسکی لیستێکی درێژی ئامادەنەبووەکانی بەرشەلۆنە زیاد دەکات، کە بریتین لە تێر شتیگن، خوان گارسیا، گاڤی و دانی ئۆلمۆ، ئەمەش ئەرکی هانسی فلیکی ڕاهێنەر زیاتر ئاڵۆزتر دەکات پێش یارییە پێشبینیکراوەکە.
ئەم پێکانە گورزێکی قورسە بۆ یانەکەی کەتەلۆنیا کە لە ئێستاوە بەدەست کاریگەرییەکانی "ڤایرۆسی فیفا"ەوە دەناڵێنێت، دوای ئەوەی چەند یاریزانێک لە پشووی نێودەوڵەتی بە پێکان گەڕانەوە و لە یەکێک لە گرنگترین قۆناغەکانی ئەم وەرزەدا مەترسی لەسەر هاوسەنگی تیپەکە دروست دەکات.