ڕاچڵەکین سپۆرت -
ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، کارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی لە پشووی نێودەوڵەتیدا هەڵسوکەوتێکی بەرچاوی لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید نیشانداوە و بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ یاریزانە بەڕازیلییەکانی کردووە.
لە کاتێکدا یانە گەورەکان لە ترسی پێکان ئاگاداری ئەو جۆرە ماوانەن، بەڵام ڕاهێنەرە دێرینەکە حەزی دەکرد یاریزانەکانی بپارێزێت، ئەمەش لە ماندوێتی میلیتاو ڕزگار دەکات، هاوسەنگی لە نێوان بەشداریکردنی ڤینیسیۆسدا دروستکرد، هەروەها هاندانێکی بەهێزی بە ڕۆدریگۆ بەخشی بۆ ئەوەی متمانەی خۆی بەدەستبهێنێتەوە پێش ئەوەی بگەڕێتەوە مەدرید.
لە کاتێکدا هاوسن تووشی پێکان بوو کە وایکرد لە کەمپی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دووربکەوێتەوە، ئەنچیلۆتی بڕیاریدا بۆ یارییەکەی بەرازیل بەرامبەر ژاپۆن پشوو بە میلیتاو بدات دوای ئەوەی تەواوی 90 خولەکی یاریی یەکەمی بەرامبەر کۆریای باشوور ئەنجامدا.، ئەم هەنگاوە لەلایەن چابی ئەلۆنسۆی ڕاهێنەری یانەی ڕیال مەدریدەوە پێشوازی لێکرا، کە لە زنجیرە یارییە سەختەکانی داهاتوودا بەرامبەر خیتافی و یۆڤانتۆس و بەرشەلۆنە پشت بە بەرگریکارە بەڕازیلییەکە دەبەستێت، ئەم بڕیارە گەڕانەوەی میلیتاو بەبێ هیچ پاشەکشەیەکی جەستەیی مسۆگەر کرد، ئەمەش بە ئاماژەیەکی پێزانینی ئەنچیلۆتی بەرامبەر بە یانەکەی پێشووی دادەنرێت.
ڕۆدریگۆ دیارترین سوودمەند بوو لەم پشووە، دوای ئەوەی جێگەی خۆی لە لیستی هەڵبژاردەی بەرازیل وەرگرتەوە و لە یەکەم یاریدا دوو گۆڵی تۆمارکرد، دواتر بۆ ماوەی زیاتر لە نیو کاتژمێر بەرامبەر ژاپۆن یاری کرد، هێرشبەرە لاوەکە بە پڕبوونی متمانە و حەماسەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ ڤاڵدێبیباس، لەکاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت پشووەکە ببێتە خاڵی دەستپێکی نوێ بۆ ژیانی وەرزشی لەگەڵ ڕیال مەدرید، بەتایبەتی دوای ئەو ستایشانەی لەلایەن ئەنچیلۆتیەوە وەریگرت، کە بە یاریزانێکی گرنگ وەسفی کرد و توانای تەکنیکی ناوازەی هەیە.
لەلایەکی دیکەوە ئەنچیلۆتی بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆر کردووە، کە لە کاتی کارکردنیانەوە لە مەدرید پێکەوە کاریان کردووە، لێکتێگەیشتنێکی تایبەتی لەگەڵدا هەیە، ڕاهێنەرەکە متمانەی پێی هەبوو لە یارییەکانی بەرامبەر کۆریا و ژاپۆن بە سەرەکی یاریی پێکرد، بەڵام هەردوو جارەکەی لە تایمی دووەمدا گۆڕانکاری پێکرد بۆ ئەوەی ماندوو نەبێت، ئەم بڕیارە سوودی هەبوو دوای ئەوەی ڤینیسیۆس بە گۆڵێک و ئەسیستێک بەرامبەر کۆریای باشوور درەوشایەوە. یاریزانەکە خۆی سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی و دەڵێت "ئەنچیلۆتی باشترین ڕاهێنەرە کە لەگەڵیدا کارم کردووە، ئەو متمانەی پێبەخشیم کە ژیانی وەرزشی منی گۆڕی". بەمجۆرە وا دەردەکەوێت کە پەیوەندی نێوان هەردوولا بە بەهێزی دەمێنێتەوە سەرەڕای جیاوازی درێسەکان، دیمەنێک کە ڕەنگدانەوەی پیشەگەری و دووربینی ڕاهێنەری ئیتاڵییە لە بەڕێوەبردنی ئەستێرەکانیدا دەبینێت.