رێژەی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لە بەرگەهەوا دەگاتە ئاستێكی پێوانەیی

هەمەڕەنگ

15/10/2025     ژمارەی بینراو 2305

راچڵەكین -

رێكخراوی كەشناسی جیهانی هۆشداریی دەدات لە بەرزبوونەوەی لە رادەبەدەری رێژەی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لە بەرگەهەوا و ئاشكرادەكات لە ساڵانی شەستەكانەوە تائێستا، رێژەكەی بۆ سێ هێندە زیادی كردووە.

رێكخراوەكە لە راپۆرتێكی تایبەت بە چڕبوونەوەی گازە گەرمخانەییەكان و كاریگەرییەكانیان لەسەر پلەكانی گەرما، كە ئەمڕۆ چوارشەممە 15-10-2025 لە ماڵپەڕی خۆیدا بڵاویكردەوە، ئاشكرایكردووە ئاستی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لە بەرگەهەواوە لە ساڵی ٢٠٢٤دا بەرزبووەتەوە بۆ ئاستێكی پێوانەیی نوێ، ئەمەش جیهانی پاڵناوە بەرەو بەرزبوونەوەی درێژخایەنی پلەی گەرمی.

لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە بەرزبوونەوەی ئاستی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن پەیوەستە بە چالاكییەكانی مرۆڤ و زیادبوونی ئاگركەوتنەوە لە دارستانەكان، هۆشداریشی داوە كە ئەمە مەترسی گۆڕینی دۆخەكە بۆ خولێكی كەشوهەوای داخراو دەكات كە ئەستەمە بشكێنرێت.

رێكخراوی كەشناسی جیهانی روونیكردووەتەوە، "رێژەی زیادبوونی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لە ساڵانی شەستەكانەوە سێ هێندە زیادیكردووە، لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠٢٠ ڕێژەی ساڵانە لە ٠.٨ بەش لە ملیۆنێكەوە بۆ ٢.٤ بەش لە ملیۆنێكدا بەرزبووەتەوە، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٤ تێكڕای چڕیی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لە جیهاندا ٣.٥ بەش لە ملیۆنێكدا بەرزبووەتەوە، ئەمەش گەورەترین زیادبوونە لەو كاتەوەی كە پێوانە مۆدێرنەكان لە ساڵی 1957 دەستیپێكردووە.

هەروەها ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە چڕیی میتانی و ئۆكسیدی نایترۆز گەیشتووەتە ئاستێكی پێوانەیی. ئەو دەردانەی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن، تەنها كاریگەری لەسەر كەشوهەوای ئێستای جیهاندا نییە، بەڵكو كاریگەرییەكانی بۆ سەدان ساڵ بەردەوام دەبێت بەهۆی تەمەنی درێژخایەنیان لە بەرگەهەوادا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن