راچڵەكین-
كاركردن لە پرۆژەی بەنداوی باوەنوور لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بەردەوامە؛ كە سێیەم گەورەترین بەنداوی هەرێمە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا و پاراستنی ئاسایشی ئاو.
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڵاویكردوەتەوە، بەنداوەكە چەندین سوود و گرنگی هەیە لەوانە:
- كەمكردنەوەی مەترسیی بەبیابانبوون.
- بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ
- زیادكردنی سامانی ماسی.
- بەرزكردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی.
بەنداوی باوەنوور بەنداوی خاكییە، بە درێژیی 880 مەتر و بەرزیی 20 مەتر، توانای گلدانەوەی 30 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ بێت، بەنداوەكە وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا لە ڕێگەی 4 تۆرباینی جۆری (Vertical-Kaplan) لەخۆ دەگرێت بە توانای بەرهەمهێنانی 34 مێگاوات كارەبا، كە ڕاستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە تۆڕی نیشتمانییەوە و دەبێتە سێیەم بەنداو لە دوای دووكان و دەربەندیخان بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا.
پرۆژەكە لە چەندان پێكهاتەی ئەندازیاریی گرنگ پێكدێت، لەوانە:
- دیواری دابڕەڕی ئاو (Secant Pile Wall)، بە قووڵیی نزیكەی 45 مەتر كە ڕێگری دەكات لە دزەكردنی ئاو.
- سەرڕێژێكی گەورە (Spillway)، بە 9 دەرگا و توانای تێپەڕاندنی 10،350 مەتر سێجا ئاو لە چركەیەكدا
- دەرچەی ژێرەوە (Bottom Outlet) بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاو
- ڕێڕەوی تایبەتی ماسی (Fish Pass)، بەمەبەستی پاراستنی ژینگە و سامانی ماسیی سروشتی