لە 10 بۆ 14رۆژی داهاتوو تووشبووانی كۆرنا لە سلێمانی بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد دەبێت

چاوپێکەوتن

12/06/2020     ژمارەی بینراو 1334

راچڵەکین- كۆچەر عەزیز

بەڕێوەبەری پلان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئەگەر رێگری لە بڵاوبوونەوەی کۆرنا نەکرێت، پێشبینی دەکەم لە ماوەی ١٠ بۆ ١٤ رۆژی داهاتوودا تووشبووانی کۆرۆنا لە سلێمانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەبێت، سەبارەت بە لێدوانەکانی جاری رابردووی لەسەر قەدەغەی هاتوچۆ، ئاماژە بەوەدەکات:" من بەبەڵگەوە قسە دەکەم، قسەکانیشم جێگەی خۆیگرت".

د سەفین رەسوڵ، بەرێوەبەری پلان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سسلێمانی لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ (دەزگای میدیایی راچڵەکین) ئاماژە بەوەدەکات، کارمەندان و پزیشکان مافی خۆیانە مانبگرن و داوای مافەکانیان بکەن، چونکە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، بۆ نموونە با زۆر دوور نەڕۆین پەرلەمانی کوردستان چوار پێنج حاڵەتی تێدایە پەرلەمانیان داخست، لە کاتێکدا لە زۆربەی نەخۆشخانەکان کۆرۆنا لە نێو پزیشک و کارمەنداندا بڵاووبووەتەوە بەڵام دانەخراون، سەیری رۆحیەتی دکتۆر و کارمەندانی تەندروستی، سەیری رۆحیەتی پەرلەمانتار، پەرلەمانتار ئەسڵەن چی دەکات، تا پەرلەمان دابخەن، ئەگەر وابووایە خۆ دەبوو زۆربەی نەخۆشخانەکان دابخەین.


دەقی چاوپێکەوتنەکە:

راچڵەکین: رەوشی کۆرۆنا لە سلێمانی چۆنە؟
د. سەفین: بە پێی لێدوانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی سلێمانی چووەتە سەرەتای قۆناغی سێیەم کە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەیە لە ناو شاری سلێمانی، بەشێوەی بەردەوام ئەوە سەرەتای قۆناغێکی مەترسیدارە، ئەگەر رێگری لێنەکرێت پێشبینی دەکەم لە ماوەی ١٠ بۆ ١٤ رۆژی داهاتوودا ژمارەی تووشبووان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد بکات.

راچڵەکین: وەک تەندروستی سلێمانی چیتان کردووە بۆ ئەوەی رێگری زیاتر لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بکەن؟
د. سەفین: بابەتی کۆنتڕۆڵکردنی کۆرۆنا بە تەنیا شتێک نییە بە تەندروستی سلێمانی بکرێت، ئەوە پەیوەندی بە تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگەوە هەیە، یەکێک لەو شتە سەرەکیانەی کە توانی رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بکات، لە قۆناغی یەکەم، ئیلتیزامکردنی هاووڵاتییان بوو بە قەدەغەی هاتوچۆوە، لەوانەیە هەندێک کەموکورتی هەبووبێت لە بڕیارەکانی قەدەغەی هاتوچۆ، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئێمە توانیمان کۆنتڕۆڵی بکەین، بەڵام ئێستا چووینەتە قۆناغێکەوە متمانەی  هاووڵاتی بەدەسەڵات بە حکومەت بە تەندروستی بە هەموو شتێک کەمبووەتەوە، کۆمەڵێک بڕیاری ناجۆر لە وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی دراوە کە خەڵکیان بێ متمانە کردووە، ئەم بێ متمانەییە راگەیاندن و ئەحزابی سیاسی و سۆشیال میدیاش کاری لەسەر کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا باروگوزەرانی خەڵک باش نەبووە، کەواتە ئەوەی کۆنترۆڵی کۆرۆنا دەکات ئابورییە، سیاسییە، تەندروستییە، وە بەڕێوەبردنێکی باشی ئیشەکەیە کە ئەمە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆوە دەکرێت، کەواتە دەبێت کەسێک سەرپەرشتی بکات، توانای بەڕێوەبردنی باش بێت و بتوانێت هەرسێکیان پێکەوە بەڕێوە ببات.

راچڵەکین: سەبارەت بە مانگرتنی کارمەندانی تەندروستی و پزیشکان بۆ دواکەوتنی مووچەکانیان هیچ هەوڵێک دراوە؟
د. سەفین: ئەوان مافی خۆیانە، خەڵک مووچەی پێ نەدەی دەوام ناکات، من هەست بە شەرمەزاری دەکەم کە سەیریان دەکەم لەو جلوبەرگانەدا ٢٤ کاتکۆ دەمێننەوە، مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، بەڵام خەڵک لە ماڵەوە دانیشتووە، بۆ نموونە با زۆر دوور نەڕۆین پەرلەمانی کوردستان چوار پێنج حاڵەتی تێدایە پەرلەمانیان داخست، لە کاتێکدا لە نەخۆشخانەیەکی وەک پێنجوێن چەندین کارمەند و پزیشکمان تووشی کۆرۆنا بوون، بەڵام ئێستا کارمەندان و پزیشکانی دیکە هەر لە نەخۆشخانە دەوامدەکەن، بەوە بووایە دەبوو پێنجوێنمان دابخستایە، سەیری رۆحیەتی دکتۆر و کارمەندانی تەندروستی، سەیری رۆحیەتی پەرلەمانتار، پەرلەمانتاران ئەسڵەن چی دەکەن، تا پەرلەمان دابخەن، بەڵام  سەیرکە پەرلەمانیان خێرا داخست، ئەگەر وابووایە خۆ دەبوو زۆربەی نەخۆشخانەکان دابخەین.

راچڵەکین: سەبارەت بە دابینکردنی ئەو بڕە پارەیە کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا تەرخانکرا چەندی بۆ سلێمانی هاتووە؟
د. سەفین: من ئاگاداری وەرگرتنی پارە نیم، بەڵام ئێمە رۆژی ٢٦ی کانووی دووەم یەکەم کۆبوونەوەمان لەسەر کۆرۆنا کردووە، وە ٢ی شوبات لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی چووینە سەرچنار و بڕیاری دامەزراندنی تاقیگەیەکی گەورەماندا کە ئێستا هەموو پشکنینەکان لەو تاقیگەیە یەکلایی دەکرێنەوە، پاشان سەردانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیمان کرد بۆ دامەزراندنی چەند ژوورێک بۆ کەرەنتینەکردنی ئەوانەی کە لە دەرەوە دەگەڕێنەوە، لەو کاتەوە داوای بوودجەمان کردووە، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران کەی بوودجەی بۆ دابینکردووین!؟، ئینجا ئەو پارەیە هەرچەندێک بێت هەر کەمە، چونکە بوودجە نییە، ناتوانین دەرماڵەی مەترسی بۆ ئەوانە هەژمار بکەین کە لە نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا دەوام دەکەن، پێداویستی پزیشكی نییە، سەرچاوە مرۆییەکانی پێویستییان بە هاوکاری زیاتر هەیە، ئەوە چییە  ئەگەر پارەیەکی کەم پارە بدەیت بە پزیشکێک یان کارمەندێک کە ٢٤ کاتکۆ لە نەخۆشخانەی کۆرۆنا دەوامدەدکات.

راچڵەکین: ئەگەر هاووڵاتییان پابەندی رێنماییەکان بن دەتوانرێت کۆرۆنا کەمبکرێتەوە؟
د. سەفین: ئێمە دەبێت داتایەکی روونمان لەبەردەست بێت، بزانین  لەسەدا چەندی هاووڵاتییان پابەندن بە رێنماییەکان، ئەگەر لە سەدا ٧٠ی خەڵک پابەند بن بە رێنماییەکانی تەندروستی لە ماوەی دوو هەفتە بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا دەتوانرێت رێژەی تووشبووان کەمبککەینەوە نەک بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵ و بنبڕی بکەین و بە کەمترین زەرەرو زیان لێی دەربچین، بەریەککەوتنی هاووڵاتییان پرۆسەیەکی بەردەوامە. راستە ئێمە پابەندبوونی هاووڵاتییان دەبینین، بەڵام ئێمە داتایەکی روونمان لەبەردەست نییە، لەبەرئەوە ناتوانین قسەی لەسەر بکەین، بەڵام ئەو قسەیە هاندانە بۆ هاووڵاتییان ئەگەر پابەند بن وردە وردە دەتوانین کۆنتڕۆڵی بکەین.

راچڵەکین: ئەگەر رێژەی تووشبووان بەم شێوە بێت نەخۆشخانەکانی دیکە تایبەت دەکەن بە تووشبووانی کۆرۆنا؟
د. سەفین: چەند جار قسەمان لەسەرکردووە، ئەم نەخۆشییە لە سەدا  ٨٠ بۆ ٨٥ی خۆپارێزییە، لەسەدا ١٥ بۆ لەسەدا ٢٠ی چارەسەرە کە تاوەکو ئێستا، چارەسەریشی نەدۆزراوەتەوە، لەبەر ئەوە ئەگەر چووینە قۆناغێکەوە کە تەرکیزمان کردە سەر چارەسەر ئەوە بە دڵنیاییەوە نەخۆشخانەکان پڕ دەبن لە نەخۆش و کۆلاپس دەبن، خۆ کوردستان لە ئەمریکا و ئەوروپا زیاتر نییە، بۆیە دڵنیات دەکەمەوە ئەگەر رێژەی نەخۆشییەکە زیاد بکات ناچار دەبین، ئەوانەی نیشانەیان نییە، یاخو نیشانەی سووکیان هەیە لە ماڵەوە بمیننەوە، وە نەخۆشخانەکان توانای وەرگرتنی هەموو نەخۆشەکانیان نابێت. 

راچڵەکین: جاری رابردوو لە لێدوانێکدا ئاماژەت بەوەدا کە وەزارەتی تەندروستی راوێژی بە تەندروستی سلێمانی نەکردووە، بەڵام تەندروستی سلێمانی رەتیکردەوە لەسەر ئەوە چی دەڵێی؟
د. سەفین: من کە قسەیەک دەکەم بە بەڵگەوە قسە دەکەم حەزدەکەم ئەوانیش بە بەڵگەوە قسە بکەن، بەڵام دوای قسەکانی من وەزیری ناوخۆ هەموو پارێزگارەکان و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی شارەکانی بانگکرد و راوێژی لەگەڵ کردن و وەزیری ناوخۆش قەدەغەی هاتوچۆکەی بۆ ماوەی شەش رۆژ هەڵوەشاندەوە.

راچڵەکین: چی بە هاووڵاتییان دەڵێێت بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزین لە نەخۆشییەکە؟
د. سەفین: هیوادارم هەموومان هاوکاری یەکتر بین و متمانەمان بە یەکتر هەبێت، متمانەمان بە دەزگا تەندروستییەکان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین سلێمانی لە قۆناغێکی دژواردا نەبینین و بتوانین لە داهاتوودا بە کەمترین زەرەر و زیان ئەم قۆناغە سەختە تێبپەڕێنین، هاوکات سوپاسی هەموو کارمەندان و فەرمانبەرانی پزیشکانی بەرێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی دەکەم کە شەو رۆژیان خستووەتە سەر یەک بۆ خزمەتی هاووڵاتییان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن