راچڵەكین-
بەمەبەستی راگرتنی هاوسەنگی و زیاد نەبوونی نرخ، هاوردەی بەروبوومی پەلەوەری دیاریدەكرێت، جێگری بەرێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی-ش رایدەگەیەنێت بەبڕیاری وەزارەتی كشتوكاڵ هاوردەكردنی ماسی بە رێژەی لە (50%) كەم كراوەتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی قائیمقامییەتی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممەئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاری كردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانیدا كۆبووەو تیایدا بڕیادراوە پێداچونەوە بەبڕی ئەو بەروبوم و پێداویستیانەدا بكرێت كە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت.
لە دوای كۆبونەوەكەش رزگار حمد خدر، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی رایگەیاند:" بەمەبەستی راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەمی ناوخۆ و هاوردەكراو، وەزارەتی كشتوكاڵ بڕیاری داوە هاوردەكردنی ماسی بە رێژەی لە (50%) كەمبكاتەوە، كەمەبەست لێی ساغبونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی ماسی و پشتگیری بەرهەمی ناوخۆیە."
وتیشی:" پێویسته لەسەر كۆمپانیاكانی هاوردەكردنی ماسی، لەكاتی شكاندنی حەوزی ماسی و پێگەشتنی بەرهەمی ناوخۆیی ماسی، بەرهەمەكان لە جوتیارن بكڕێنەوە و لەبازاڕەكاندا ساغیان بكانەوە، پاشان بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی پشتگیری هاوردەكردنی بەرهەمی دەرەوەی بۆ دەكرێت."
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" لە كۆبونەوەكەدا بڕیارداوە بڕی ئەو بەروبومانەی لەم مانگەدا هاوردە دەكرێن بریتی یە لە (300) تۆن پارچەی مریشك (400) تۆن ماسی (250) تۆن گۆشتی سور لەگەڵ رێگەدان بە هاوردەكردنی (15) هەزار سەر ئاژەڵی زیندو."