راچڵەكین -
نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداری لە بەرزبوونەوەی رێژەی توشبوون بە نەخۆشی ئەیدز لە سەرانسەری جیهان دەكات بەهۆی راگرتنی هاوكارییە داراییەكانی ئەمریكا، ئەگەریشی هەیە لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا زیاتر لە هەشت ملیۆن و 700 هەزار حاڵەتی نوێی توشبوون بەو ڤایرۆسە تۆمار بكرێت.
پڕۆگرامی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی ئەیدز لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەدوای راگرتنی هاوكارییە داراییەكانی ئەمریكا، ئەگەری رێژەی توشبوونی رۆژانە بەو ڤایرۆسە لەسەرانسەری جیهاندا دوو هێندەی جاران بەرزببێتەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، ئەگەر بەپەلە قەرەبووی ئەو هاوكارییە داراییە نەكرێت كە پێشتر ئەمریكا پێشكەشی دەكرد، رەنگدانەوەی كارەساتباری دەبێت، بەتایبەتیش لەسەر وڵاتانی ئەفریقا، كە رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی ئەیدز لە وڵاتانی ئەو كیشوەرە لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە.
بەڕێوبەری جێبەجێكاری پڕۆگرامی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی ئەیدز، لە لێدوانێكدا رایگەیاند: ساڵی 2024 بودجەی پڕۆگرامەكە 220 ملیۆن دۆلار بوو، كە زیاتر لە نیوەی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن ئەمریكاوە دابیندەكرا، راگرتنی هاوكارییەكەی ئەمریكاش كارەساتی لێدەكەوێتەوەو ناتوانین بەو بڕە بودجە كەمەی لە بەردەستماندایە، رێژەی توشبوون بە ئەیدز كەمبكەینەوە، بەتایەبەتیش كە لەئێستادا هەزاران توشبووی ڤایرۆسەكە چارەسەری پزیشكییان پێنادرێت.
بەگوێرەی پێشبینییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەئەگەری دابیننەكردنی بودجەی پێویست، لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا زیاتر لە هەشت ملیۆن و 700 هەزار حاڵەتی نوێی توشبوون بە ئەیدز تۆماردەكرێت و شەش ملیۆن و 300 هەزار توشبووش ئەگەری گیانلەدەستدانیان هەیە.