راچڵەكین-
دوای ئەوەی شۆفێرێك بەهەڵە بێچووی فیلێك دەشێلێت و دەیكوژێت، دایكە جەرگ سووتاوەكەی فیلەكە، توڕەیی خۆی ئاڕاستەی شۆفێرەكە دەكات و نزیكی دەكاتەوە لەمەرگ.
رووداوەكە لەسەر رێگای خێرای باكوری مالیزیا روویداوە، بەگوێرەی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە، فیلی دایك لەگەڵ بارهەڵگرەكەدا دەبینرێت كە وەك بارمتە لەبەردەستیدایەو زیانی زۆری بەبەشی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەكە گەیاندووە.
رۆژنامەی " زە ستار"ی مالیزی لەزاری بەرپرسێكی پۆلیس لەناوچەی جیریك بڵاویكردووەتەوە، لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ئاشكرایان كردووە، شۆفێرەكە فیلێكی گەورەی لەلای راستی خۆی بینیوە، بەڵام لەناكاو بێچووی ئەو فیلە لەلای چەپی ئۆتۆمبێلەكە دەركەوتووەو هەوڵیداوە لەرێگاكە بپەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ماوەی نێوان بارهەڵگرەكەو بێچووەكە كەمبووە، شۆفێرەكە نەیتوانیوە كۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەكەی بكات و بێچووە فیلەكەی شێلاوە.
بەووتەی ئەو بەرپرسەی پۆلیس، دوای ئەوەی دایكەكە ئەو دۆخەی بێچووەكەی دەبینێت، هێرش دەكاتە سەر ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكەو زیانی پێدەگەیەنێت، بەڵام شۆفێرەكە لەو هێرشە رزگاری بووە.