سودانی فەرمانێك لەبارەی هێرشە مووشەكییەكەی سەر بەغدا دەردەكات

عێراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 1914

راچڵەكین -

فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق فەرماندە سەربازی و ئەمنییەكان رادەسپێرێت، بەدواداچوون بۆ ئەنجامدەرانی هێرشە مووشەكییەكەی بەغدا بكەن كە ئاڕاستەی دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا كرابوو، بۆئەوەی راپێچی دادگا بكرێن.

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، محەمەد شیاع سودانی، فەرمانگەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، فەرمانی بە سەرجەم فەرماندە سەربازی و ئەمنییەكان كردووە، بەدواداچوون بۆ ئەنجامدەرانی كردەوە تیرۆریستییەكەی هەڵدانی موشەك بەرەو دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا بكەن و راپێچی دادگایان بكەن.

لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سودانی لە فەرمان و رێنماییەكانیدا دووپاتیكردەوە، بەئامانجگرتنی نوێنەرایەتی و باڵیۆزخانە دیپلۆماسییەكان كە لە عێراقدا كاردەكەن، كارێكە لە هیچ هەلومەرجێكدا پاساوی نییەو قبوڵ ناكرێت، كردەوەیەكە ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیری تەواوی وڵات تێكدەدات.

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە، بكەرانی ئەم دەستدرێژییانە تاوان لە دژی عیراق و سەروەریی و ئاسایشی ئەنجام دەدەن و ئەم گروپە لە دەستدەرچووانە گوێ بە یاسا نادەن، بە هیچ شێوەیەك نوێنەرایەتی ئیرادەی گەلی عیراق ناكەن.

سەباح نوعمان جەختی لەوەشكردووەتەوە كە بژاردەكانی شەڕ و كردەوەی سەربازی تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەمێننەوە، كە نمایندەی بڕیارێكی نیشتمانی دەكات حكومەت لە چەندین بۆنەدا دووپاتی كردووەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن