راچڵەكین -
هونەرمەندی ناوداری سووریا هودا شەعراوی، كە بە كەسایەتی ئوم زەكی لە درامای بابلحارە ناوبانگی دەركردبوو، لەناو ماڵەكەی لە دیمەشق بە كوژراوی دۆزرایەوە.
میدیاكانی سووریا بڵاویانكردەوە، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-1-2026، ژنە هونەرمەندی ناوداری سووریا هودا شەعراوی، گیانی لەدەستدا و تەرمەكەشی بە كوژراوی لەناو ماڵەكەی لە دیمەشق-ی پایتەختی ئەو وڵاتە دۆزرایەوە.
هەرچەندە تائێستا بە فەرمی هۆكاری گیانلەدەستدانی ئەو هونەرمەندە ئاشكرا نەكراوە و لێكۆڵینەوە لەبارەی رووداوە بەردەوامە، بەڵام كەسوكارەكەی گومانیان هەیە هودا شەعراوی لەلایەن خزمەتكارەكەیەوە كوژرابێت، كە لەدوای رووداوەكە، دیارنەماوە و بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵاتووە.
هودا شەعراوی تەمەن 87 ساڵ، یەكێك بوو لە هونەرمەندە دیارەكانی سووریا و بەدرێژایی تەمەنی، بەشداریی لەچەندین كاری هونەریی كردووە، كە گرنترینیان درامای بابلحارە بوو، كە بە رۆڵی (ئوم زەكی) بەشداریی تێدا كرد و ناوبانگێكی زۆری پەیدا كرد.