راچڵەكین-
ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری لێخۆشبوونی لە سزاكانی دواكەوتنی بەشدارییەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی دەركرد.
فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، رۆژی دووشەممە 2ی تشرینی دووەمی 2026 بە نووسراوی فەرمیی سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران، ژمارە 14069 بڕیاری ژمارە 307ی كەلە ڕێكەوتی 14ی تشرینی یەكەمی 2026 دەركراوە، سەبارەت بە لێخۆشبوون لە سزاكانی دواكەوتنی پێدانی بەشدارییەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی، ئاڕاستەی نووسینگەی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كرد.
بڕیارەكە لە كۆبوونەوەی ژمارە (١٧٦)ی ئەنجومەنی وەزیران و لەسەر پێشنیاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دراوە، بە مەبەستی ئاسانكاریكردن و هاندان بۆ پابەندبوون بە پێدانی بەشدارییەكان و زیادكردنی داهاتی سندووقی دەستەبەری كۆمەڵایەتی، كە بۆ خزمەتكردنی كرێكاران و پاراستنی ماف و شایستەكانیان و دابینكردنی مووچەی خانەنشینییان بەكار دەهێنرێت.
خاڵە سەرەكییەكانی بڕیارەكە بریتین لە:
*لێخۆشبوونی تەواوەتی: لێخۆشبوون لە تەواوی سزاكانی دواكەوتن لە پێدانی بەشدارییەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی، بەمەرجێك لە ماوەی (٩٠) ڕۆژی كاردا تەواوی قەرزی كەڵەكەبووی پارەی بەشدارییەكە بدرێت.
*دەركردنی ڕێنمایی: وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاریی جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە دەردەكات.
*جێبەجێكردن و بڵاوكردنەوە: وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕێكاری پێویست بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە دەگرنەبەر و لە ڕۆژنامەی فەرمیی (وەقائیعی كوردستان) بڵاو دەكرێتەوە.