راچڵەكین-
كچێكی ئیسرائیلی كە لەكاتی هێرشەكەی 7ی تشرینی یەكەمی رابردوو كەوتە دەست چەكدارانی بزووتنەوەی حەماس و بۆ ماوەیەك بارمتەبوو، رایدەگەیەنێت، دوای ئازادكردنی لەلایەن راهێنەرە ئیسرائیلییەكەیەوە دەستدرێژی " سێكسی" كراوەتە سەر.
میا شیم-ی تەمەن 23 ساڵ، بەكەناڵی 12ی ئیسرائیلی راگەیاندووە، رووداوەكە لەنێو ماڵەكەی خۆیدا بووە، ئەو شوێنەی كە واپێویستە سەلامەتترین شوێن بێت بۆ ئەو.
میا دەڵێت:" ئەوە گەورەترین ترسم بووە بەدرێژایی تەمەنم، پێش بەبارمتەگرتنم، لەو كاتەی كە بارمتەبووم و دوای ئەوەش، بەڵام ئەو ترسەم بووە راستی و لەماڵەكەی خۆمدا تووشی بووم."
كەناڵی 12ی ئیسرائیل بڵاویكردووەتەوە، ئەو كەسەی تۆمەتباركراوە بە دەستدرێژیكردنە سەر میا، راهێنەرێكی بەناوبانگە و لەسییەكانی تەمەنیدایە، مانگی نیسانی ئەمساڵ بەو تۆمەتە دەستگیركراوە، بەڵام دواتر بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست وەك پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاندووە، ئازادكراوە.
میا دەڵێت، پێش رووداوەكە تەنها سێجار ئەو كەسە راهێنانی پێكردووە:" هەست دەكەم پێش دەستدرێژییەكەی بێهۆشی كردووم، چونكە لەو كاتەی هاتە ژوورە تایبەتەكەم دوای ئەوە هیچم بیرنایەتەوە، بەڵام جەستەم هەست بەشتێكی نامۆ دەكات، لەوە دڵنیام."
ئەو كەسەی تۆمەتبار كراوە بە دەستدرێژیكردنە سەر میا، لەكاتی لێكۆڵینەوەدا دانی بەوەدا ناوە كاتێك میا سەرقاڵی خۆگۆڕین بووە، چووەتە ژوورەكەی، بەڵام رەتیكردووەتەوە كە دەستدرێژی كردبێتە سەر.