سەدر: پێویستە سیاسییەكان دەستبەجێ واز لەكاری سیاسی بهێنن

عێراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 295


راچڵەكین-

ڕێبەری ڕەوتی سەدر دەڵێت، بەكۆتایی هاتنی سەردەمی بوونی ئەمریكاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەعیراق، دەستبەجێ لیوای یوم ئەلمەوعود هەڵدەوەشێنینەوە.

موقتەدا سەدر ڕۆژی 30ی ئەیلولی 2026 كە هاوكاتە لەگەڵ كشانەوەی ئەمریكاو هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و راگەیەندنی سەروەری عیراق، پەیامێكی بڵاوكردەوە.

لەبەشێكی پەیامەكەیدا موقتەدا سەدر هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی لیوا یوم ئەلمەوعودو گۆڕینی سوپای ئیمام مەهدی بۆ دامەزراوەی لایەنگرانی ئیمام مەهدی راگەیاند.(لیوای یوم مەوعود لەساڵی 2008 لەلایەن موقتەدا سەدر-ەوە بۆ دژیەتیكردنی سوپای ئەمریكا دروستكراو بەتەواوكراوی سوپای مەهدی دادەنرێت كەلەساڵی 2007 وە چالاكییەكانی هەڵپەسێردراوە.)

ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوا دەكات سوپای ئەمریكا قەرەبووی سەرجەم ئەو زیانانە بكاتەوە كە بەهۆی داگیركارییەكەیەوە لەعیراقكەوتوون، هەروەك داوا دەكات هەمووان سكاڵای یاسایی لەوبارەیەوە تۆماربكەن.

موقتەدا سەدر، لەبەشێكی تری پەیامەكەیدا هۆداری بە ئەمریكاو وڵاتانی دراوسێ دەدات لە دەستوەردانیان لەكاروباری عیراق و دەڵێت، ڕەفتارو هەنگاوێكی لەو شێوەیە دەبێتە هۆ پچڕاندنی پەیوەندییەكان و مامەڵەكردنەوە لەگەڵیاندا بەهەمان شێوە.

ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕووی دەمی دەكاتە گرووپە چەكدارەكان و داوا دەكات لەگەڵ كۆتایی هاتنی داگیركاری ئیتر چەك تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بێت بەجۆرێك ببێتە جێی ڕەزامەندی گەل و مەرجەعییەت.

هەروەك ئاماژەی بەوەكردووە، پێویستە چیتر سەركردە سیاسییەكان بەردەوام نەبن و دەستبەجێ واز لەكاری سیاسی بهێنن و دەرگا لەبەردەم دەموچاوی نوێدا واڵا بكەن لەپێناو كۆتایی هێنان بەگەندەڵی كاركردن بۆ چاكسازی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن