ترەمپ وردەكاری سەردانە نهێنییەكەی بۆ عیراق ئاشكرا دەكات

جیهان

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 802


راچڵەكین-

سەرۆكی ئەمریكا چەند زانیارییەك لەبارەی سەردانە نهێنییەكەی بۆ عیراق ئاشكرا دەكات كە لەیەكەم خولی سەرۆكایەتی خۆیدا ئەنجامیدا و دەڵێت:" ژیانم لەمەترسیدا" بووە.

دۆناڵد ترەمپ لەسەردانەكەی رۆژی 14ی ئەم مانگە بۆ قەتەرو بەسەركردنەوەی سەربازانی وڵاتەكەی لە بنكەی سەربازی (عەدید)، چەند زانیاریەكی لەبارەی ئەو سەردانە نهێنییە ئاشكرا كرد كەساڵی 2018 لەگەڵ میلانیا-ی هاوسەری بۆ عیراق ئەنجامیدا.

ترەمپ ووتی، ئەو كات بەلایەوە جێی گومان و سەرسوڕمان بووە كەچۆن دەبێت گروپێكی تیرۆرستی وەك " داعش" ئەو ماوە زۆرە بەرگەی هێرشە سەربازییەكانی گرتبێت و لەناونەچووبێت، هەربۆیە بڕیاریداوە خۆی سەردانی عیراق بكات و لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی ئەمریكا كۆبێتەوە و وەڵامێكی گونجاوی دەستبكەوێت.

دۆناڵد ترەمپ، لەدرێژەی گێڕانەوەكەیدا دەڵێ:" كاتژمێر 3:00ی بەیانی بەڕێكەوتم، ئەو كاتە فڕۆكەی (ئێر فۆرس وەن) چاوەڕێم بوو، تیمە فڕۆكەوانییەكە پێیان راگەیاندم كاتێك دەگەنە ئاسمانی دوژمن، دەبێت تەواوی رووناكیەكانی دەرەوەو ناوەوەی فڕۆكەكە بكوژێننەوەو پەنجەرەكانیش دابخەن. هەربۆیە نەمزانی چۆن گەیشتن نە رێڕەو دیاربوو نە رووناكی هەبوو، نازانم چۆن ئەو كارەیان كرد."

وتیشی، سەردانەكەی بۆ عیراق لەرێوشوێنێكی ئەنی توندو تۆڵدا ئەنجامدراوەو پێشتر رانەگەیەندراوە.

كۆشكی سپی ئەمریكا لە مانگی كانونی یەكەمی 2018 بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا بەسەردانێكی رانەگەیەندراو، بەیاوەری میلانیا-ی هاوسەری گەیشتووەتە بنكەی (عەین ئەسەد) لەپارێزگای ئەنبار.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن