عومەری سەید عەلی: یەكێتی و پارتی بەرپرسیاری ئەو دۆخەن

کوردستان

19/05/2021     ژمارەی بینراو 506

راچڵەكین-

رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، بەبێ یەكڕیزی، دەستور هیچ گرنیگیەكی نابێت و تائێستاش هەرێمی كوردستان دوو ئیدارە، دوو ئاسایش، دوو پەروەردەو دوو دارایی هەیە.

عومەری سەید عەلی، ئەمڕۆ چوارشەممە لەمیانی بەشداریكردنی لەپانێڵی (یەكڕیزی سیاسی لەپێناو دەستووردا) كەلە كۆنفرانسی ( دەستوورو یەكریزی)لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو رایگەیاند:"پێش دەستور دەبێت رێككەوتن بكرێت و كێشەكان چارەسەر بكرێن بەتایبەت لەنێوان ئەو دو لایەنە سیاسیەی كە هێزی چەكداریان هەیە.

وتیشی:" یەكێتی و پارتی بەرپرسیاری ئەو دۆخەن كە لە هەرێمی كوردستان دەخوڵقێت و ئەوان دەتوانن یەكڕیزی بپارێزن و دەتوانن تێكیشی بدەن."

رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان جەختی كردوە لەوەكرد، دەبێت دەستور ببێتە دەلیلێك بۆ خۆشگوزەرانی خەڵك و ئەگەر دەستور ماف و ژیانی خەڵك بپارێزێت ئەوكات هەموان پابەند ئەبن بە دەستورەكەوە.

وتیشی:" لاریمان نییە لەوەی كە دەستورێكمان هەبێت و چەندین ساڵە لە هەوڵی هەبونی دەستورداین، بەڵام ناكۆكیە سیاسیەكان رێگربوون لە هەبونی دەستور."

عومەر سەید عەلی رایگەیاند:" دەستور دەبێت رەنگدانەوەی كۆمەڵگابێت و هەمو چین و توێژەكان و لایەنە سیاسی و رێكخراو و سەندیكاكان رۆڵیان لە داڕشتنەوەیدا هەبێت لە روی نیشتیمانی و نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی و سیاسیەوە، بەڵام ئایا ئەم هێزانە ئەو دەستورەیان قبوڵ دەبێت و جێبەجێی دەكەن."

هاوكات جەخت لە زەمینەسازی بۆ هەبونی دەستور دەكاتەوە و پێیوایە، دەبێت دەستور بە رێككەوتن بێت و بەتایبەت ئەو دو لایەنە سیاسیەی كە هێزی چەكداریان هەیە رێكبكەون و چەك بەدەست هێزی نیشتیمانیەوەبێت و پێش دەستور كێشەكان چارەسەر بكرێت.

رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان وتیشی؛ ئەگەر كێشە ناوخۆییەكان چارەسەر نەكرێت و سەرجەم دامەزراوەكان دەسەڵاتی سەربەخۆی خۆیان نەبێت؛ دەستور ناتوانێت گرنگی و كاریگەری هەبێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن