راچڵەكین-
حكومەتی یەكێتی نیشتمانی لیبیا، سەركۆنەی بڵاوكردنەوەی تۆمارێكی ڤیدیۆیی تایبەت بە ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتەی كرد، دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر رفاندنی.
حكومەتی یەكێتی نیشتمانی لیبیا لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، نیشاندانی ئیبراهیم ئەبوبەكر دورسی، بەو شێوازە نەشیاوە بەكەلەپچەكراوی و زنجیر لەقاچ و ملی و هەبوونی ژمارەیەكی زۆر چەكداری دەمامكدار لە دەوروبەری، رەفتارێكی تەواو نامرۆڤانەیەو هیچ لەگەڵ ئەو هەوڵانە یەكناگرێتەوە كە وڵاتێك دەیاندات بۆ سەقامگیری و دیموكراسی.
ئەوەش روونكراوەتەوە، ئەو تۆمارە ڤیدیۆییە، پێشێلكردنی شكۆی مرۆڤایەتییەو پێویستە هەڵوێستی جددی بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەو كارە قێزەونە نیشان بدرێت.
بەگوێرەی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییە بێت كە بڵاوكراوەتەوە، دورسی كە گوماندەكرێت لە بەنغازی شوێن بزركرابێت، بەجلی ژێرەوە نیشاندەدرێت و تیایدا داوا لە سەدام حەفتەر، كوڕی خەلیفە حەفتەر، فەرماندەی گشتی سوپای نیشتمانی لیبیا دەكات ئازادی بكات، لەهەمان كاتدا بەڵێن دەدات كە پشتیوانی بكات.
مێژووی تۆماركردنی ڤیدیۆكە دەگەڕێتەوە بۆ 22ی ئایاری 2024 كە دەكاتە شەش رۆژ دوای رفاندنی لەناو ماڵەكەی خۆی، پێشبینیش دەكرێت ئەو پەرلەمانتارە لیبیە لەیەكێك لە گرتوخانەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی حەفتەر زیندانی كرابێت.
ئیبراهیم دورسی، یەكێك بوو لەو پەرلەمانتارانەی ليبیا كە بەردەوام رەخنەی لە حەفتەرو كوڕەكانی دەگرت و بە ئەنجامدانی گەندەڵی و پێشێلكاری تۆمەتباری دەكردن.