راچڵەكین-
نوێنەرێكی كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت، سەردانی د. لەتیف ڕەشید، سەرۆككۆماری عیراقی كردووەو نامەیەكی داوەتێ.
سۆران عومەر، بڵاویكردووەتەوە، لەسەردانەكەیدا بۆ لای سەرۆككۆماری عیراق چەند پرسێكیان تاوتوێ كردووە، وەك كردنەوەی چەند مەرزێك، رێكارەكانی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە.
دەقی نامەكە:
بەڕێز/ سەرۆك كۆماری عێراق
بابەت/ چەند پرسێكی گرنگ
بەپێی ئەوەی بەڕێزتان پارێزەری دەستورو كۆكەرەوەی هەموو لایەنەكانن، لەو سۆنگەوە داواكارم لەبەڕێزتان چەند پرسێكی پەیوەست بەهەرێمی كوردستان هەیەو كارمان لەسەر كردووە، لەوانە:
كردنەوەی مەرزی كێلێ بەڕوی هاتوچۆی هاوڵاتیان دا لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین كەلەئێستادا بابەتەكەمان گەیاندۆتە دەستەی دەروازە سنوریەكانی عێراق.
كردنەوەی مەرزەكان سازان و شوشمێ و سەرتەكی بەمۆ لەو مەرزانە دیكەن كە پێویستیان بەهەوڵی بەڕێزتان هەیە .
تەواوكردنی ڕێكارەكانی بەناوكردنی پارێزگای هەڵەبجە كەحكومەتی پێشوو بەفەرمی ئەو بابەتەی ڕادەستی حكومەتی نوێی عێراق كرد.
دەربارەی دروست كردنی بەنداو كەپرسێكی ئیتحادیەو بەڕێزیشتان بەگرنگیەوە لەو بابەت دەڕوانن ، هەوڵەكان چڕ بكەینەوە كە لەهەرێمی كوردستان چەند بەنداوێك لەسەر موازەنەی ساڵی ۲٠۲۳ جێگا بكەینەوە، بەتایبەت لەناوچەی پشدەر بەنداوی دەڵگە كەبۆ دەڤەری ڕاپەڕین گرنگی زۆری هەیە.
دابین كردنی بودجەیەك لەموازەنەی ساڵی ۲٠۲۳ بۆ ناوچە زیانلێكەوتوەكانی هەرێمی كوردستان بەدەستی ڕژێمی پێشوو بەتایبەت ئیدارەی ڕاپەڕین و هەڵەبجەو سەید سادق وچەند ناوچەیەكی دیكە.
چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان و جێبەجێكردنی دواقۆناغەكانی مادەی ۱٤٠ .
گێڕانەوەی ئاوارەكان و كۆتایی هێنان بە خێوەتگاكان لەهەرێمی كوردستان كەلەئێستەدا ۲٦ خێوەتگە لەهەرێم ماوە.
كێشەی لیوای ۲٠ی وەزارەتی پێشمەرگە كە تەنها بەستنی موچەكانیان ماوە لەوەزارەتی دارایی .
بۆ زۆر بابەتی دیكەی هەنووكەیی دەتوانین سودی زۆر لەپێگەی بەڕێزتان ببینین بۆ لێكگەشتنی زیاتری نێوان هەرێم و بەغدا بەتایبەت مەسەلەی سوتەمەنی و پرسی بەشەبودجەی هەرێم كەلەئێستەدا موازەنەی ساڵی ۲٠۲۳ ئامادە دەكرێت.