لە یادی 74 ساڵەی مردنی دڵدار

کەلتوور

13/11/2022     ژمارەی بینراو 608

دڵدار، بە مەستی و بێزارییەكی قوڵەوە، شیعر بۆ ئەحمەد كایا دەخوێنێتەوە! تا ڕادەی ماندوبوون، پاشتر، بەدەم خوێندنەوەی شیعرەوە، وەنەوز دەیباتەوەو دەنوێت! ئەحمەد كایاش، بە خۆی و سازەكەیەوە، خەوەكەی خۆشتر دەكات و تا بێزار دەبێ، بەردەوام دەبێ لە گۆرانی وتن! لەكاتێدا ئەم شاعیر و گۆرانیبێژە، لە دوو سەردەمی جیاوازدا، لە دوو وڵاتی جیاوازدا ژیاون! بە جۆرێ ئەو رۆژەی (دڵدار) لە هەولێر دەمرێت، نۆ ساڵ پاش ئەو مردنە، لە شاری (مەلەدیی) باكوری كوردستان "ئەحمەد كایا" لە دایكدەبێت! 

یەكتربینینەكەش، بەم شێوەیەیە:

(ئێوارەیەكی درەنگی زستان، ئاسمان لێڵ، نە تاریك و نە ڕوون. لە تەنیشت قەرات، لەكن گەڕەكی عارەبان، لە ژێر دڵۆپەی ئاوی پاساریی ئەو ڕیزە ماڵە كۆنەی دێتەوە بەردەم دەروازەی سەرەكی قەرات. "ئەحمەد كایا" بە خۆی و ڕینكۆتێكی شینی تۆخ، قژە لولەكەی دڵۆپی باران، زیاتر ئاڵۆسكاوتریی كردبوو. بە خێراییەكی زۆر، بەرەو ئەوسەری شار دەڕوات. لە ژێر پاساری خانووەكاندا، چەند خەمی تەڕبوونی خۆیەتی، زیاتر هی ئەو "سازە"ی شانییەتی، كە ئاڵاندوویەتی لە بەرگێكی چەرمی ڕەشباو، بە وریاییەكی زۆرەوە، لە لەتەڕبوونی باراناو دەیپارێزێت. جارجار دڵۆپەی پاساری خانووەكان، لەسەر سەری زیاتر دەبێ، تا دڵۆپەكان زیاتر بیدەن لەقژە لولەكەی، قاچەكانی خێراتر هەنگاو دەنێن..

ئەم ئێوارە درەنگە، بەو خێراییە زۆرەو لەو سەردەمەی هەولێردا، چی بووبێ و چی رویدابێت، وا ئەو سترانبێژە، بەو خێراییە بەرەو ئەو سەری شار دەڕوات؟ ئەمە پرسیاریی چەند كەسێ بوو، كە بە ئاڕاستەی پێچەوانە كایا، بەرەو ماڵەوە دەگەڕانەوەو لە سەیركردنی "كایا" لەیەكتریان دەكرد.!

كە لە قەراتێ دەرچوو، بە جۆرێ پشتی كەوتە قەرات و بە ئاڕاستەی ئەو سەری شار، بەو خێراییەی پێشوو بەردەوامە لە ڕۆشتنە خێراكەی.... گەیشتە ئەو چایخانە كۆنەی كە جگە لە چایچییەكە، تەنها گەنجێكی لێبوو. گەنجێكی باریكەلەی دەموچاو درێژ، تەمەنی نزیكەی ٣٠ ساڵ دەبێ، لەسەر كورسییەكی تەختە دانیشتووە، تەپڵەكێك لەبەردەمیدا، جگە لە پیاڵەیەك چا، باوەشێ لاپەڕەی پەرشی لەسەر داناوە. ئەو گەنجە پاڵتۆیەكی گەورەی لەبەردابوو، لە چاوەكانیدا، هێمایەكی قوڵی چاوەڕوانی تێدا دەبینرا.

ئێوارەیەو لەو شەقامەدا، تاك و تەرا، خەڵك و ڕێبوار دەبینران. هەر بۆیە ئەم یەكتر بینینەش، جێگەی سەرنجی كەس نەبوو! پاش ماچ و موچ و باوەشكردن بە یەكتردا، لەم ئێوارە ساردەی زستاندا، شیعریی "دڵدار" و گۆرانییە غەمگینەكانی "كایا" دڵی شاریان پڕ كرد لە ژیان. ئەوەی بیرم مابێ لەو چەند گۆرانییەی كایا، دواهەمین گۆرانییان زۆر كاریگەربوو. بەجۆرێ هەست و سۆزێكی قوڵی تێدا دەبینرا، وەك ئەوەی بڵێی وشەی گۆرانییەكە، لە ڕۆح دێتە دەرەوە، نەك لە زار!  لەساتی وتنی گۆرانییەكەدا، ئەحمەد كایا، خۆشی لەگەڵ دەنگی میلۆدیی و ئاوازیی سازەكەدا، سەمای دەكرد:

واز لەگۆرانییە كۆنەكان بێنە

لەو بەھارە مەدوێ

كە لەمێژە نەھاتووە!

شتێكم پێ بڵێ، نەزانم!

زۆر بێزارم لەو ھەموو چیرۆكە كۆنە.....

✹لە كتێبی ساتێ پێش بیرچوونەوە

كامەران سوبحان

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن