راچڵەکین –
هاتوچۆی سلێمانی رایدەگەیەنێت ئەو ٣٨٥ هەزار سەرپێچییەی لە کامێرای خاڵ بۆ
خاڵ تۆمارکراوە، ئاماری ساڵێکە و بە هیچ شێوەیەکیش وەکو سەرپێچی و سزا لەسەر
شۆفێران تۆمارنەکراون، چونکە لە قۆناغی تاقیکردنەوەدابوون.
ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: شەوی
ڕابردوو ئامارێک بڵاوکراوەیەوە کە گوایە لە ماوەی (٢٤) کاتژمێردا زیاتر لە ٣٨٥ هەزار سەرپێچی تۆمارکراوە، وەک تۆمارکردنی سەرپێچییەکان ئامارەکە
دروستە، بەڵام لەماوەی (٢٤) کاتژمێردا نییە بەڵکو لە سەرەتای دەست بەکاربوونی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکەوە
بووە و بەشێوەی تێست بووە.
ئەوەشی خستەڕوو کە هیچ کام لەو سەرپێچییانەی تۆمار کراون و دەکرێن لەلایەن کامێراکانی چاودێری خێرایی پۆینت تو پۆینت لە ڕێگای تاسڵووجە -
دووکان هەژمار ناکرێت لەسەر هیچ شۆفێرێک، چونکە لە قۆناغی تێستدایە.
هاتوچۆی سلێمانی راشیگەیاند: تێستی کامێراکان تا رێکەوتی 29/05/2023 کە دەکاتە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو کاتژمێر ٠٨:٠٠ی بەیانی بەردەوام دەبێت و تا ئەو کاتە هیچ سزایەک لەسەر هیچ شۆفێرێک هەژمار ناکرێت و لە دوای ئەم
ڕێکەوتەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت: ئەو هەڵەیەی کە ڕوویداوە لە پێدانی
زانیاری بووە لەلایەن فەرمانبەری بەشی ئاماری کۆمپانیای جێبەجێکاری کامێراکان. واتە ئاماری
سەرپێچییەکان تەنها لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا نەبووە بەڵک و بە درێژایی
تێستی کامێراکان بووە لە ساڵی پارەوە تا ئێستا و هەژمار نەکراوە لەسەر هیچ شۆفێرێک.
ئەمڕۆش وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: تۆمارکردنی ٣٨٥ هەزار سەرپێچی
لە رۆژێکدا لە هاتوچۆی سلێمانی زانیارییەکی هەڵەیەو داتاکە بەهەڵە وەرگیراوە.