رۆژنامەكانی عیراق: بەغداد دەرگاكانی بەڕووی هەولێر-دا دادەخات

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 581


راچڵەكین-

رۆژنامەكانی عیراق بڵاویانكردووەتەوە، حكومەتی فیدراڵ، هاوتاكەی لەهەرێمی كوردستان ئاگادار كردووەتەوە:" هیچ شاندێك بۆ گفتوگۆو دانووستان لەسەر مووچە رەوانەی بەغداد نەكات" تا ئەو كاتەی تەواوی داهاتەكان رادەست دەكات.

ئەمڕۆ یەكشەممە 8ی حوزەیرانی 2025 رۆژنامەی ( بەغداد ئەلیەوم) لەزاری سەرچاوەیەكی كوردییەوە بڵاویكردووەتەوە:" بەغداد مەرجی رادەستكردنی سەرجەم داهاتە نانەوتییەكانی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان داناوە، پێش دەستكردن بەدانووستانی تایبەت بە خەرجكردنی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران."

"بەهۆی بەردەوامی ناكۆكییەكان لەسەر دۆسێی نەوت و داهاتە نانەوتییەكان،لەئێستادا بەغداد ئامادەنییە پێشوازی لەهیچ شاندێكی هەرێمی كوردستان بكات." ئەو سەرچاوەیە بە رۆژنامەی بەغداد ئەلیەوم-ی راگەیاندووە.

هەفتەی رابردوو، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق نیگەرانی خۆی نیشاندا لەبەرامبەر بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ بەراگرتنی خەرجكردنی مووچەی مانگی 5ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و مانگەكانی دواترو ئاماژەی بەوەكرد:" ئەو هەنگاوە تەنها زیان بەهاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان ناگەیەنێت، بەڵكو دەبێتە هۆی خوڵقاندنی قەیرانێكی ئابووری دوور مەودای سیاسی و دەستووری، لەساتەوەختێكی پەیوەندی هەستیاری نێوان هەولێرو بەغداد."

هەفتەی رابردوو، بەپاساوی تەواوبوونی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عیراق، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕیاریدا بەراگرتنی خەرجكردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و مانگەكانی دواتر، ئەوەش كاردانەوەی ناوخۆیی لەهەرێمی كوردستان لێكەوتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن