راچڵەكین -
نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی فیدراڵی، رایدەگەیەنێت: پێویستە سەرجەم كێشەكان، لەوانەش مووچە و وزە، لەڕێگەی گفتوگۆ و لەچوارچێوەی دەستوردا چارەسەر بكرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5-6-2025، نوری مالیكی لەشاری بەغدا، پێشوازی لە د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوەی عیراق كرد.
نوسینگەی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكەو گرنگیی بەهێزكردنی رۆڵی عیراق لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، كرا.
بەشێكی دیدارەكەی نێوان مالیكی و فوئاد حوسێن، تایبەت بوو بە پرسەكانی پەیوەست بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، سەرۆكی دەوڵەتی یاسا جەختی كردەوە لەسەر گرنگیی چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەتایبەتی كێشەی مووچە و وزە، لەڕێگەی گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستور، بەپێویستیشی زانی ئەو پڕۆژەیاسایانەی رەوانەی پەرلەمان كراون، پەسەندبكرێن، بەتایبەتی پرۆژەیاسای نەوت و غاز، لەپێناو پارێزگاریكردن لە سەقامگیریی دۆخی سیاسی و دۆزینەوەی لێكتێگەیشتنی هاوبەش كە هەموو هێزە سیاسییەكان كۆبكاتەوە.