هاوڵاتییانی سنووری سلێمانی ئاگادار دەكرێنەوە

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 796

راچڵەكین-

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی پەیامێك ئاڕاستەی ئەو هاوڵاتییانە دەكات كە دەچنە دەشتو دەر بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش، پێویستە ژینگە بپارێزن و پاشماوە بەتایبەت ئاگر لەدوای خۆیان جێنەهێڵن.

رۆژی هەیینی 26ی حوزەیرانی 2026 بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانیی لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەهۆی هاتنی وەرزی هاوین و زۆری گژوگیای ئەمساڵ، مەترسی كەوتنەوەی ئاگر لە دارستان و پاوانەكانمان گەیشتووەتە ئاستێكی هەستیار.

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانیی داوایكردووە لە كاتی گەشت و سەیرانەكانتاندا ڕەچاوی ئەم خاڵانە بكرێت:

 ١- ئاگركردنەوە: تكایە ئاگر لە شوێنی كراوە و پارێزراودا بكەنەوە، و بە هیچ شێوەیەك ئاگر لە نزیك گژوگیای وشك و نێو دارستانەكان مەكەنەوە.

 ٢- كوژاندنەوەی یەكجاری: پێش جێهێشتنی شوێنەكانتان، بە تەواوی دڵنیاببنەوە لە كوژاندنەوەی ئاگرەكان بە بەكارهێنانی ئاو یان خۆڵ تا هیچ پشكۆیەك جێ نەمێنێت.

٣- پاك ڕاگرتنی ژینگە: فڕێدانی پاشماوەی شووشە و جگەرە دەبێتە هۆی كۆكردنەوەی تیشكی خۆر و دروستبوونی ئاگری گەورە و لەناوبردنی ڕووبەرێكی فراوانی سەوزایی، تكایە ژینگە پاك ڕابگرن.

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی داوا لەهاوڵاتییان دەكات لە ئەگەری بینینی هەر حاڵەتێكی ئاگركەوتنەوە یان سەرپێچییەك، تكایە دەستبەجێ پەیوەندی بە لایەنی پەیوەندیدارەوە بكەن بۆ ئەوەی بە زووترین كات ڕێگری لە كارەساتە ژینگەییەكان بكرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن