سەربازێكی سۆڤیەتی دوای 40 ساڵ مانەوە لە ئەفغانستان دەگەڕێتەوە رووسیا

هەمەڕەنگ

10 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 303

راچڵەكین -

سەربازێكی سەردەمی یەكێتی سۆڤیەت دوای 40 ساڵ مانەوەی لە ئەفغانستان، لە تەمەنی 60 ساڵی دەگەڕێتەوە رووسیا بۆ شادبوونەوەی بە دیداری كەسوكار و بنەماڵەكەی، داواش دەكات رەگەزنامەی رووسی بە خۆی و هاوسەرو منداڵەكانی بدرێت.

سێرگی كراسنوبیوروڤ، كە سەربازێكی سوپای سۆڤیەت بوو لە ئەفغانستان، دوای ئەوەی لەساڵی 1985 بەهۆی ناكۆكی لەگەڵ سەربازەكانی فەوجەكەی، بارەگا سەربازییەكەی جێدەهێڵێت، لەلایەن گروپە چەكدارەكانی ئەفغانستانەوە بەدیل گیرا و ئیتر لەو دەمەوە بێسەروشوێن بوو.

دوای تێپەڕبوونی 40 ساڵ بەسەر ئەو رووداوە، سەربازە سۆڤیەتییەكە، كە ئەوكات تەمەنی 20 ساڵ بوو، بڕیاری گەڕانەوە بۆ وڵاتەكەی (رووسیا) دەدات بەمەبەستی شادبوونەوەی بە دیداری كەسوكار و ئەندامانی خانەوادەكەی.
 
سێرگی كراسنوبیوروڤ كە ئێستا تەمەنی 60 ساڵەو دوای چەند ساڵێك مانەوەی وەك دیلی جەنگ، ئازاد دەكرێت و دەبێتە مسوڵمان، ناوی خۆی بۆ (نور محەمەد) دەگۆڕێت و ژیانی هاوسەریی لەگەڵ كچێكی ئەفغانی پێكدەهێنێت، ئەو ئێستا باوكی شەش منداڵە.

ئەو سەربازەی پێشووی سوپای سۆڤیەت دوای گەڕانەوەی بۆ رووسیا، بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاند: هەوڵی بەدەستهێنانی رەگەزنامەی رووسی بۆ خۆم و هاوسەرو منداڵەكانم دەدەم و بڕیاریشم داوە ئەگەر هەوڵەكەم سەربگرێت، بۆ هەمیشە لە رووسیا بمێنینەوەو ژیانێكی نوێ پێكبهێنین.

نور محەمەد باسی لە نەهامەتییەكانی ژیانی كرد بەدرێژایی ئەو 40 ساڵەی لە ئەفغانستان دەژیا، وتی:" كاتی خۆی پێناسێكی ئەفغانیم پێدرابوو، بەڵام دەسەڵاتدارانی دواتری ئەفغانستان هەموو مەسومەكانی پێشوویان هەڵوەشاندەوەو بەو هۆیەوە من بێ ناسنامە و پێناسی فەرمی مامەوە، تەنانەت نەمتوانی رەگەزنامە سۆڤیەتییەكەشم پشتڕاستبكەمەوە بەهۆی هەڵوەشانەوە یەكێتی سۆڤیەت، كاتێكیش دەوڵەتی نوێی رووسیای فیدراڵا دامەزرا، من لە دەرەوەی وڵات بووم و نەمتوانی ببمە خاوەنی رەگەزنامەی رووسی.

ئەو سەربازە سۆڤیەتییە هیوای ئەوە دەخوازێت حكومەتی مۆسكۆ بە چاوێكی میهرەبانییەوە لێی بڕوانێت و رەگەزنامە بۆ خۆی و هاوسەرو منداڵەكانی دەربكات، وتی:" من هاووڵاتییەكی رووسیم و شانازی بە وڵاتەكەمەوە دەكەم".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن