وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبارەی خوێندنی ئەمساڵ بڕیاریدا

کوردستان

08/04/2020     ژمارەی بینراو 20909

راچڵەكین

 

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم، رایگەیاند: ئەگەر تا ڕێكەوتی 2-5-2020، نەتوانرا خوێندنی ئاسایی نێوكامپەس دەستپێبكاتەوە، ئەوا خوێندنی ئەلكترۆنی بە شێوازی (پاڵپشتكاری) دەستپێدەكات.

ئەمڕۆ 8-4-2020، ئەنجومەنی وەزارەتەكە كۆبووەوەو لە راگەیاندراوێكیشدا ناوەڕۆكی بڕیارەكانی راگەیاند.

دەقی راگەیاندراوەكە:

ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەت
ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێكەوتی (٨/٤/٢٠٢٠) بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامەكانی، ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەسەرپەرشتی د. ئارام محمد قادر سەرۆكی ئەنجومەن، كۆبونەوەی ژمارە (٤)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی ئاسایی خۆی بە شێوازی ئۆنلاین ئەنجامدا.

كۆبوونەوەكە بە ناردنی درود و سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهدانی دوێنێی میحوەری كوڵەجۆ و هەمو شەهیدانی رێگای ڕزگاری كوردستان و دەربڕینی هاوخەمی بۆ كەسوكاری سەربەرزیان دەستی پێكرد و هیوای چاكبونەوەی بۆ بریندارەكانی ئەو پەلامارە تیرۆریستییە خواست.

لە دەستپێكی كۆبونەوەكەدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هەڵسەنگاندنێكی بابەتیانەی بۆ دۆخی ئێستای بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆناو ڕێكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رێگریگریكردن لەبڵاوبونەوەی پەتاكە خستەڕو، هەروەها پشتیوانی تەواوی وەزارەتی خوێندنی باڵای بۆ سەرخستنی هەنگاوەكانی حكومەت دوپاتكردەوە. 

هاوكات د. ئارام محمد قادر سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی هەموو زانكۆكانی كوردستان كرد بۆ بەشداری و پشتگیریان لە سەرخستنی ڕێكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕوبەروبونەوەی ئەم پەتایە، هەروەها سوپاسی تایبەتی ئاراستەی ئەو زانكۆیانە كرد كە لەڕێگای بنیاتنانی تاقیگەو بەشداری لە پرۆسەی دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكەو دابینكردنی مادەی پێویست بۆ تێستەكان و پێكهێنانی تیمەكانی ڕاوێژكاری و هۆشیاری تەندروستی پشتیوانی دامەزراوەكانی وەزارەتی تەندروستی بون. هەروەها داوای بەردەوامی و چڕكردنەوەی زیاتری هەوڵەكانی لێكردن بۆ پشتیوانی كەرتی تەندروستی وڵاتەكەمان.

 هەروەها وەزیری خوێندنی باڵا ستایشی پشتیوانی و خۆڕاگری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی كرد لە پابەند بونیان بە جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەكان.

تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكە تایبەت بو بە دیراسەكردنی بژاردەكانی بەردەم زانكۆكانی كوردستان بۆ پاراستنی پرۆسەی خوێندنی ٢٠١٩/٢٠٢٠، بۆ ئەم مەبەستە هەمو زانكۆ حكومییەكان و زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان ڕاپۆرتی وردیان دەربارەی ئامادەكاریەكان پیشكەش بە ئەنجومەنی وەزارەت كرد، دوای هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتەكانی دامەزراوە حكومی و تایبەتەكان و دوای گفتوگۆیەكی وردو زانستی، ئەنجومەنی وەزارەتی خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی  ئەم بڕیارانەی لای خوارەوەی دەركرد:

1.ئەنجومەنی وەزارەت دڵنیایی دەداتە هەمو قوتابیان و خوێندكارانی كوردستان و كەسوكاریان كە ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠) بەفیڕۆ ناچێت و بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخەكە ڕێكاری زانستی پێویست دەگیرێتە بەر بۆ پاراستنی پرۆسەی خوێندن. 

2.زانكۆكان بەردوام دەبن لە ئامادەكارییەكانیان بۆ ئەوەی ئەگەر هەتا ڕێكەوتی (٢/٥/٢٠٢٠) نەتوانرا خوێندنی ئاسایی نێوكامپەس دەستپێبكاتەوە ئەوا خوێندنی ئەلكترۆنی بە شیوازی (پاڵپشتكاری) دەستپێدەكات بەمەبەستی تەواوكردنی ئەو بەشە كەمەی پرۆگرامی خوێندنی ئەمساڵ كە نەخوێنراوە. 

3.لە حاڵەتی پیادەكردنی خوێندنی ئەلكترۆنی بە شێوازی (پاڵپشتكاری)، ئەوا لە چوارچێوەی سەربەخۆیی زانستی و ئەكادیمی دەستەڵات دەدرێتە زانكۆكان بۆ ئەوەی  سەربەست بن لە بەكارهێنانی هەر جۆرە پلاتفۆرم و ئەپلیكەیشنێك كە لەگەڵ تایبەتمەندێتی زانكۆكانیاندا دەگونجێت بۆ جێبەجێكردنی سیستمی ناوبراو.

4.وەزارەتی خوێندنی باڵا هاوكاری زانكۆكان دەبێت بۆ چارەسەركردنی هەموو ئەو گرفت و ئاڵنگاریانەی كە دێنە بەردەم جێبەجێكردنی ئەم پرۆسەیە.

5. ئەو قوتابی و خوێندكارانەی كە پێشتر دەستیان بە پڕۆسەی خوێندنی باڵا (دبلۆم/ ماستەر/ دكتۆرا) كردووە و لە قۆناغەكانی (كۆرسات، توێژینەوە، گفتوگۆی نامە)-دان ئەوا بە هەمان ‌شێوازی خوێندنی ئەلكترۆنی درێژە بە پرۆسەی خوێندن دەدەن. هەروەها ئەو قوتابی و خوێندكارانەی كە پێویستیان بە بەكارهێنانی تاقیگەی هەبێت، دوای ڕەزامەندی سەرۆكایەتی زانكۆ، هاوكاری دەكرێن بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ئەوەی بتوانن كارەكانیان لە تاقیگەكان ئەنجام بدەن بەمەرجی پابەندبوون بە رێكارە تەندروستییەكان.

6.زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكانیش بەهەمان شێوازی زانكۆ حكومییەكان پێویستە پاپەندبن بە جێبەجێكردنی تەواوی خاڵەكانی سەرەوە.

7.(دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیای جۆری) و (فەرمانگەی خوێندن و پلان دانان و بەدواداچوون) لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیەوەی زانستی بەدواداچوونی بەردەوام دەكەن بۆ دڵنیابوون لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی خوێندنی ئەلكترۆنی.


8.وەزاەرتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوا لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەكات كە لە ڕێگەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن داوا لەسەرجەم كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت بكرێت كە پاكێجی تایبەتی ئینتەرنێت بدەن بە زانكۆكان و مامۆستایان و خوێندكاران و قوتابییان بەشێوەیەك كە خێرایی و نرخەكەی گونجاو بێت و ئەڕكی سەرشانییان كەم بكاتەوە.

9.وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕێگای ئەنجومەنی وەزیرانی بەڕێزەوە كار دەكات بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە یاسایی و داراییانەی كە دێنە ڕێگای جێبەجێكردنی ئەم پرۆسەیە.

ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
٨/٤/٢٠٢٠


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن