ناوێکی سەرسوڕهێنەر دەچێتە ناو پلانەکانی ڕیاڵ مەدرید بۆ جێگرتنەوەی ئەنچیلۆتی

وەرزش

28/09/2023     ژمارەی بینراو 93

ڕاچڵەکین سپۆرت -

 

ڕیاڵ مەدرید بیر لە چەند بژاردەیەک دەکاتەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕۆیشتنی ڕاهێنەری ئێستای کارلۆ ئەنچیلۆتی لە کۆتایی گرێبەستەکەی لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا.

چابی ئەلۆنسۆ، ئەستێرەی پێشووی یانەی ڕیاڵ مەدرید لەنێوان ساڵانی 2009 بۆ 2014، تا ئێستاش وەک دیارترین پاڵێوراو بۆ شوێنگرتنەوەی ئەنچیلۆتی دەمێنێتەوە، ئەمەش لەبەر کارە دیارەکانی لە ئێستادا لەگەڵ بایەر لیڤەرکوزن.

بەڵام ڕادیۆی ئیسپانیا کادینا سێر سوپرایزێکی سەبارەت بە بەرپرسانی یانەی شاهانە وروژاند کە بیر لە گۆڕینی ئەنچیلۆتی دەکەنەوە بە ڕاهێنەرێکی دیکەی ئیتاڵی.

ڕوونیشیکردەوە، یانەی ڕیاڵ مەدرید گرنگی بە ڕاهێنەری ئیتاڵی ڕۆبێرتۆ دی زێربی ڕاهێنەری یانەی برایتۆنی ئینگلیزی دەدات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دی زێربی لە ماوەی ساڵانی 2018 تا 2021 ڕاهێنەری یانەی ساسۆلۆ و دواتر لە وەرزی 2022/2021 بوو بە ڕاهێنەری یانەی شاختار دۆنێسکی ئۆکرانی، جگە لە کارە بەرزەکانی لەگەڵ برایتۆن، کاری ڕاهێنەرایەتییەکی باشی لەگەڵ هەردوو یانەی پێشوویدا هەبووە.

وەرزی ڕابردوو دی زێربی تەمەن 44 ساڵ، برایتۆنی بۆ بەشداریکردن لە جامی یۆرۆپا لیگ سەرخست، تیپەکەی لەم وەرزەدا تاکوو ئێستا لە پلەی سێیەمی خولی نایابی ئینگلیزیدایە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا ڕادیۆی کادینا ئاشکرایکرد کە ڕۆبێرتۆ دی زێربی لە ئاستە بەرزەکەی لەگەڵ برایتۆن بەردەوامە و لەم وەرزەدا بەهێزترین هێڵی هێرشبەری هەیە لە پرێمەرلیگدا (18) گۆڵی لە شەش هەفتەی یەکەم تۆمارکردووە.

 

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن