سزایەكی نوێ‌ بەسەر كۆڕەك تیلیكۆمدا دەسەپێنرێت

ڕاپۆرت

25/11/2023     ژمارەی بینراو 1069

راچڵەكین- 

دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانیش لەگەڵ كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم دەپچڕێنێت و كەناڵێكی تەلەفزیۆنیش بەهۆی مامەڵەكانی لەگەڵ كۆڕەك ئاگاداردەكاتەوە. 

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە ئەمڕۆ شەممە، لەلایەن دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق بڵاوكرایەوە"لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەران، وەزارەتی پەیوەندییەكانی پابەندكرد بە راگرتنی سەرجەم  پەیوەندییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان لەگەڵ كۆمپانیای كۆڕەك، لەگەڵ ئەمەشدا دەرفەت دەدرێت بە كۆمپانیاكە بە مەبەستی یەكلاكردنەوەی ئەو بڕە پارانەی كە قەرزارە و دڵنیابوون لە دانەوەی قەرزەكانی بە حكومەت". 

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە"حكومەت یەكێك لە كەناڵە تەلەفزیۆنییەكانی ئاگاداركردووەتەوە، بەو پێیەی بەردەوام بووە لە پەخشكردنی ریكلامەكانی تایبەت بە كۆڕەك تیلیكۆم". 

لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق رێنمایی هەردوو كۆمپانیای مۆبایلی ” أثیر لإتصالات العراق المحدودە ” و “ئاسیاسێڵ”ی كرد، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم بپچڕێنن. 

هەر لەو چوارچێوەیەدا عەلی موئەیەد، سەرۆكی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانى عێراق، لە مانگی نیسانی رابردوو رایگەیاندبوو، بڕیارێكی دادوەریی “كۆتایی و پابەندكەر”ی لەدژی كۆرەك تیلیكۆم دەستەبەركراوە، تا نزیكەی 800 ملیۆن دۆلار رادەستی گەنجینەی دەوڵەتی عێراق بكات. 

دوای تەواوبوونی مۆڵەتی كۆمپانیای كۆڕەك لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق، چوار بڕیاری لە دژی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم دەركرد، بریتین لە: " راگرتنی فرۆشتن و بازرگانیكردن لەگەڵ كۆڕەك، داوا لە هاوڵاتیان كرا هیچ سیمكارتێكی نوێی كۆڕەك تیلیكۆم نەكڕن، بریكار و بنكەكانی فرۆشتن ئاگاداركرانەوە لەوەی هیچ سیمكارتێكی نوێی كۆمپانیاكە نەفرۆشن و بازرگانی پێوە نەكەن، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە".

لەبەرامبەردا، سیروان بارزانی، خاوەنی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم، بڕیارەكەی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراقی، بە ناڕەوا وەسفكردبوو كە كۆمپانیاكەی بە 800 ملیۆن دۆلار غەرامەكراوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن