شارەوانی سلێمانی مەرجەكانی تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكان بڵاودەكاتەوە

کوردستان

09/12/2023     ژمارەی بینراو 468

راچڵەكین - 

سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی مەرجەكانی تایبەت بە تاپۆكردنی ئەو خانووانە بڵاودەكاتەوە، كە بەشێوەیەكی زیادەڕۆیی دروستكراون، گرنگترین مەرجیش پێویستە ئەوەی داواكارییەكەی داوە خێزاندار بێت.

لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ شەممە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لەژێر ناوی هۆشیاریی یاسایی بڵاویكردووەتەوە، مەرجەكانتی تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكانی دیاریكردووە، كە ژمارەیان 16 مەرجە. 

دەقی راگەیەندراوەكە:

هۆشیاریی یاسایی:

مەرجەكانی تاپۆكردن:

پاش بڵاوكردنەوەی ناوی سەدان هاوڵاتی كە داواكارییەكانیان بە ئەنجام گەیشتووە و لەلایەن لیژنەی باڵاوە بڕیاری لێ دراوە هەندێ لە هاوڵاتیان گلەیی ئەوە دەكەن كە بەشێكی داواكارییەكان رەتكراونەتەوە و بۆیان تاپۆ ناكرێ، بۆیە بە پێویستمان زانی ئەم روونكردنەوەیە بخەینەڕوو:

مەرج نییە هەركەسێ ناوی لە پەیجی شارەوانی بڵاوكرایەوە مانای ئەوەبێ كە خانووەكەی بۆ تاپۆ كراوە بەڵكو ئەو ناوانەی بڵاودەكرێنەوە بە مانای ئەوە دێت كە داواكارییەكەیان بە ئەنجام گەیشتووە، ئیدی بە تاپۆكردن بێ یان بە تاپۆنەكردن یان بە قەرەبووكردنەوە.

وە مەرجیش نییە هەركەسێ داواكاری بۆ تاپۆكردنی خانووە تەجاوزەكەی پێشكەش كردبێ مافی تاپۆكردنی هەبێ و خانووەكەی بۆ تاپۆ بكرێ بەڵكو تاپۆكردنی خانووە تەجاوزەكان بەپێی یاسای (ژمارە ٣ ساڵی ٢٠١٩) هەمواركراو بە یاسای (ژمارە ٧ ساڵی ٢٠٢١) لەگەڵ رێنمایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار (ژمارە ٣ ساڵی ٢٠٢١) كۆمەڵێك مەرجی هەیە كە پێویستە هەموو ئەو مەرجانە بێنە دی تاكو خانووە تەجاوزەكە تاپۆ بكرێت.

مەرجەكانیش دەكرێن بە دوو بەشەوە: (٦) مەرجیان پەیوەندارن بەو كەسەی داوای تاپۆكردنەكەی كردووە و (١٠) مەرجیش پەیوەندارە بەو خانووەی داوای تاپۆكردنی كراوە بەم شێوەیە:

یەكەم/ مەرجەكانی زیادەڕۆكار:
١- پێویستە ئەوەی داواكارییەكەی داوە عێراقی بێت.

٢- پێویستە داواكار تەمەنی یاسایی تەواو كردبێت.

٣- پێویستە پێش رێكەوتی (٢٠٢٢/٠٩/٠٩) داواكاری دابێت بە یەكە كارگێڕییەكان (پارێزگا، قائیمقامیەت، ناحیە) بۆ تاپۆكردنی خانووە تەجاوزەكە، بۆیە ئەگەر لەو ماوەیەدا داواكاری پێشكەش نەكردبێ ئەوا خانووەكەی بۆ تاپۆ ناكرێت.

٤- پێویستە ئەوەی داواكارییەكەی داوە خاوەنی بینای خانووەكە بێت، بۆیە ئەگەر كرێچیی دەوڵەت یان كرێچیی كەسێكی تر بێت یان پاش پێشكەشكردنی داواكارییەكە خانووەكەی فرۆشتبێ ئەوا بۆی تاپۆ ناكرێت.

٥- پێویستە ئەوەی داواكارییەكەی داوە خێزاندار بێت، بۆیە ئەگەر سەڵت بێت بۆی تاپۆ ناكرێت چونكە سەڵت كێشەی نیشتەجێبوونی نییە، مەگەر داواكارە سەڵتەكە بەخێوكەر یان بەخێوكراوی كەسێك بێ و ئەمەش بە بەڵگەنامەی بەخێوكردن (حجە الإعالە) بسەلمێنێ و پەیوەندی نێوان بەخێوكەر و بەخێوكراویش لە پلەچوار تێپەڕ نەكات ئەوسا لەسەر سەڵتیش تاپۆ دەكرێت.

٦- پێویستە ئەو كەسەی داواكارییەكەی داوە خۆی و هاوسەرەكەی پێشتر بەپێی یاسای (ژمارە ٣ ساڵی ٢٠١٩ هەمواركراو) خانووی تریان بۆ تاپۆ نەكرابێت و هەروەها بەپێی ئەو یاسایەش قەرەبوو نەكرابنەوە چونكە لەم یاسایەدا داواكار و هاوسەرەكەی بە یەك كەس دادەنرێن.

دووەم/ مەرجەكانی زیادەڕەوییەكە:
٧- پێویستە خانوو بێ، واتە زەوی و هەیكەل تاپۆ ناكرێت.

٨- پێویستە خانووەكە لەسەر موڵكی دەوڵەت دروستكرابێ، واتە تەجاوزی سەر موڵكی نیشتەجێی هاوڵاتی تاپۆ ناكرێ بەڵكو ئەوە كێشەیەكی شەخصییە لەنێوان خاوەنی زەوییەكە و ئەو كەسەی تەجاوزی كردووتە سەر موڵكەكەی و خۆیان یەكلای دەكەنەوە یان رێگەی دادگا دەگرنەبەر.

٩- پێویستە خانووەكە بە زیادەڕەوی دروستكرابێ، بۆیە ئەگەر خانووەكە خانووی میری بێ یان رێكخراوەكان دروستیان كردبێ ئەوا تاپۆ ناكرێت.

١٠- پێویستە خانووەكە پێش رێكەوتی (٢٠٢٠/١٢/٣١) دروستكرابێ، ئەمەش بە وێنەی سەتەلایتی بە ئاسانی دەسەلمێت و هەركەسێك خانووەكەی پاش ئەو رێكەوتە دروستكردبێ بۆی تاپۆ ناكرێت.

١١- پێویستە خانووەكە لە پێش (٢٠٢٠/١٢/٣١) لە ناو سنووری شارەوانیدا بووبێت، مەبەستیشمان لە سنووری شارەوانی سنووری ماستەرپلانە نەوەك سنووری قەدەغەی ماستەرپلان، بۆیە ئەگەر خانوویەك لەو رێكەوتەدا لە دەرەوەی سنووری شارەوانی بووبێ و دواتر كەوتبێتە سنووری شارەوانییەوە ئەوا تاپۆ ناكرێت.

١٢- پێویستە خانووەكە لە دەرەوەی حەرەمی گوندەكان بێت، وە حەرەمی گوندیش بەپێی نەخشەی كادسترۆی كشتوكاڵی دیاری دەكرێت نەوەك بەپێی نەخشەی شارەوانی.

١٣- پێویستە خانووەكە بەپێی عورفی ناوچەكە شیاوی نیشتەجێبوون بێت، بۆیە مەسەلەن ئەگەر خانوویەكی ناو شاری سلێمانی بە لەوح و جەمەلۆن دروستكرابێ ئەوا تاپۆ ناكرێت.

١٤- پێویستە خانووەكە ماڵی تێدا بێ، واتە ئەو خانووانەی چۆڵن و بۆ قازانج دروستكراون تاپۆ ناكرێن چونكە ئەم یاسایە بۆ چارەسەركردنی كێشەی قەزانجی خەڵك دانەنراوە بەڵكو بۆ چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوونی خەڵك دانراوە.

١٥- لەم یاسایەدا تەنها یەك پارچەزەوی تاپۆ دەكرێت، بۆیە ئەگەر خانووەكە لەسەر زیاد لە یەك پارچە زەوییەك دروستكرابێ و سەرەپارچەی خانووەكە كەوتبێتە سەر زەوییەكانی چواردەوری ئەوا تەنها ئەو رووبەرەی بۆ تاپۆ دەكرێت كە زۆرینەی خانووەكەی لەسەر دروستكراوە.

١٦- پێویستە جێخانووی خانووەكە لە نەخشەی شارەوانیدا نیشتەجێ بێ و بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون دانرابێ، بۆیە ئەگەر خانوویەك لە باخچە یان شەقام یان خزمەتگوزاری یان زۆنی پیشەسازی یان زۆنی وەبەرهێناندا دروستكرابێ یان لەسەر تەوەری بازرگانی بێت ئەوا بە خانوویەكی دژەنیشتەجێ دادەنرێ و ئەگەر هەر پانزە مەرجەكەی تری تێدا بێ ئەوا دەڕوخێندرێ و بە پارچەیەك زەوی قەرەبوو دەكرێتەوە، بەڵام ئەگەر هەموو مەرجەكانی تری تێدا نەبێ ئەوا قەرەبووش ناكرێتەوە.

سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن