راچڵەكین-
پڕۆسەی دەنگدان لە ھەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی میسر لە 27 پارێزگای ئەو وڵاتە دەستیپێكرد كە تیایدا چوار كاندید ڕكابەری یەكتر دەكەن بۆ بەدەستھێنانی كورسی سەرۆكایەتی.
ئەمڕۆ یەكشەممە بنكەكانی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی میسر لە كاتژمێر 07:00ی بەیانییەوە بەڕووی دەنگدەراندا كراونەوە و پڕۆسەكەش تا كاتژمێر 19:00 بەردەوام دەبێت.
ئاژانسی ھەواڵی فەرمی میسر بڵاویكردووەتەوە، پڕۆسەی دەنگدان لە ھەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی میسر لە 11 ھەزار و 632 وێستگەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت كە بەسەر نۆ ھەزار و 376 ناوەندی دەنگدان دابەشكراون.
لەم ھەڵبژاردنەدا، 67 ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان ھەیە و پڕۆسەی دەنگدانیش ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
ھەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی میسر لەژێر چاودێری دادوەرییدا بەڕێوەدەچێت كە 15 ھەزار دادوەر چاودێری پڕۆسە دەكەن، ھەروەھا 220 چاودێری سەربە 14ڕێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ كاروباری هەڵبژاردن، 62 ڕێكخراوی كۆمەڵگای مەدەنی (ناوخۆیی) لە میسر بە كۆی گشتی 22 ھەزار و 340 چاودێری ناوخۆ و بیانی وەك چاودێر بەشداری لە پڕۆسەی ھەڵبژاردانەكانی سەرۆكایەتی میسر دەكەن.
ھەریەك لە سەرۆككۆماری ئێستای میسر، عەبدولفەتاح سیسی و سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری، حازم عومەر و سەرۆكی پارتی وەفد، عەبد سەند یەمامە و سەرۆكی پارتی دیموكراتی میسر، فەرید زەھران ركابەری یەكتر دەكەن بۆ بەدەستھێنانی كورسی سەرۆكایەتی میسر.
چاوەڕان دەكرێت ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی میسر لە 18ی ئەم مانگەدا، ڕابگەیەندرێت.
لە ساڵی 2014 وە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆككۆماری میسر بەڕێوەدەبات كە ئەو كات بۆ خولی یەكەم لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018 حوكمڕانی كرد، دواتر لە ساڵی 2018 بۆ 2024 بۆ خولێكی دیكە وەك سەركۆمار دەسەڵاتی گرتە دەست، پاشان ماوەی خولی سەرۆكایەتی میسر لە ڕێگای ھەمواركردنەوەی دەستوورەوە لە چوار ساڵەوە بۆ شەش ساڵ زیادكرا.
بەپێی ماددەی 140 كە لە ساڵی 2019ی دەستووری میسردا ھەموار كراوەتەوە، سەرۆكی ھەڵبژێردراو بۆی نییە بۆ زیاتر لە دوو خول پۆستی سەرۆكایەتیی میسر بگرێتە دەست، ھەروەھا ڕێگا بە عەبدولفەتاح سیسی دەدات لە كاتی بەدەستھێنانی زۆرینەی دەنگەكانی هەڵبژاردن، بتوانێت تا ساڵی 2030 ببێتەوە بەسەرۆككۆمار.