ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان
راچڵەكین -
سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر بارودۆخی كەرتی غەززە، رەخنەی توند ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەگرێت و رایدەگەیەنێت: جێبەجێنەكردنی ئاگربەست لە غەززە دەسەڵاتی ئەنجومەنی ئاسایشی لاواز كردووە.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە دۆخی كەرتی غەززەو بەردەوامبوونی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل، رایگەیاند: ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لاواز بووە، چونكە توانای دەركردنی بڕیاری لەبارەی ئاگربەست لە غەززە نییە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دەسەڵات و متمانەی لاواز بێت.
سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەو لێدوانەیدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە لە میانی 21ەمین كۆڕبەندی دۆحە لە قەتەڕ پێشكەشی كرد، ئاماژەی بەوەدا كە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەڵەتی لەدوای ئەوەی نەیتوانی بڕیاری كۆتایی هێنان بە شەڕ لە غەززە بدات، پێویستی بە چاكسازیی ریشەیی هەیە، بۆئەوەی دەسەڵات و توانای بۆ بگەڕێتەوە.
لێدوانەكەی گۆتێرێز لەدوای شكستهێنانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دێت بە دەركردنی بڕیارێك لەبارەی راگرتنی شەڕ لە كەرتی غەززە، كە بەهۆی بەكارهێنانی ڤیتۆ لەلایەن ئەمریكاوە، بڕیارەكە پەكخرا.