راچڵەكین -
ژمارەی قوربانیانی كەرتی غەززە بەهۆی بەردەوامبوونی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل، بەرزدەبێتەوەو بەپێی نوێترین ئاماری تەندروستیی غەززەش، ژمارەی كوژراوو برینداران 67 هەزار كەسی تێپەڕاندووە، كە زۆربەیان ژن و منداڵن.
ئەمڕۆ یەكشەممە، ئەشرەف قودرە، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە كەرتی غەززە، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بەپێی نوێترین ئامار، ژمارەی كوژراوانی كەرتی غەززە بەهۆی بۆردومان و هێرشەكانی سوپای ئیسرائیل، گەیشتە 17 هەزارو 997 كەس.
وتیشی:" ژمارەی بریندارانی كەرتی غەززە بۆ 49 هەزارو 229 كەس بەرزبووەتەوە، كە بەشی زۆریان برینەكانیان سەختەو بەهۆی نەبوونی شوێن لە نەخۆشخانەكان و كەمیی پێداویستی پزیشكی، لە رەوشێكی خراپدان".
وتەبێژەكەی تەندروستی كەرتی غەززە ئاماژەی بەوەشكرد، زۆربەی كوژراوو برینداران ژن و منداڵن، كە رێژەی زیاتر لە 70%ی كۆی قوربانییەكان پێكدەهێنن.
بەوتەی ئەشرەف قودرە، لەماوەی چەند كاتژمێری رابردوودا سوپای ئیسرائیل 21 شوێنی بۆردومانكردووەو بەهۆیەوە چەندین خێزان لەناوچوون و تەرمی دەیان كەسیش لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەكاندا ماونەتەوەو تیمەكانی فریاگوزاری ناتوانن دەریانبهێنن.
ئەمەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل رایگەیاند هێزەكانیان گەیشتوونەتە شاری خان یونس لەباشووری كەرتی غەززەو دوای شەڕو پێكدادانی سەخت لەگەڵ چەكدارانی حەماس، سەنتەری شارەكەیان كۆنترۆڵكردووەو دەیان تونێلی چەكدارە تیرۆریستەكانیشیان خاپوور كردووە.