یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پەیامی بڵاوکردەوە

کوردستان

02/08/2024     ژمارەی بینراو 525

راچڵەکین-

مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە یادی دە ساڵەی جینۆسایدی  شەنگالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، هەوڵەكانی یەكێتی بەردەوامە بۆ هەرچی زووتری جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی حکومەتی هەرێم و فیدرال  و کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە کەیسی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکە، رزگارکردنی زیندووان،  قەرەبووی  زیانلێكەوتوان و  لابردنی تەگەرە سیاسییە دروستكراوەكانی بەردەم گەڕانەوەیەکی سەربەرزانەی ئاوارە و لێقەوماوانی کارەساتەکە.

دەقی پەیامەکە:

دە ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش تێپەڕ دەبێ کە گەورەترین تاوانی سەردەمە دژ بە مرۆڤایەتی لە سەدەی بیست و یەکدا، دژ بە هاونیشتمانیانی ئێزدی و دژ بە نیشتەنی ژیان و شارستانی لە مێژینەیان لە شەنگال و دەوروبەری.

فەرمانی قەتل و عامی داعشیانە هەزاران هەزار کەسی ئێزدی کردە قوربانی و  سەدان لە کچانی و ژنانی سەربەرز و رووسووری وڵاتەکەمانی بە کۆیلە و کەنیزەک برد.
 
بە داخەوە لەم کارەساتەدا کەسوکارمان لە ئێزدیان لەبەردەم شاڵاوی تیرۆرستاندا بە تەنیا هێڵرانەوە، راکردن و کەمتەرخەمی هێزی پارتی فەرمانڕەوا کەمترین دەرفەتی  بۆ بەرەنگاری و پارێزگاری هێشتەوە.  یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە بەرایی کارەساتەکەدا،  وێرای دووری و ئاستەنگەكانی بەردەمی،  بە هێزێكی پوخت و کەم و شانبەشانی  رێكخستنەکانی لە دەڤەرەكە دەستوبرد هێڵێكی بەرگریی  بۆ بەشێكی زۆری ئاوارە و لێقەوماوان  دروست کرد بۆ بەرگرتن لەو  نەزیفە نیشتمانییە و رزگارکردنی ئەوی لە توانادایە.

دوای پرۆسەی  رزگاركردنەوەی شەنگال لە چوارچێوەی جەنگی سەرتاسەری دژی تیرۆریستانی داعشدا، هەوڵەكانی یەكێتیی لە ناوخۆی کوردستان و عێراق و دەرەوە بەردەوامە بۆ هەرچی زووتری جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی حکومەتی هەرێم و فیدرال  و کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە کەیسی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکە، رزگارکردنی زیندووان،  قەرەبووی  زیانلێكەوتوان و  لابردنی تەگەرە سیاسییە دروستكراوەكانی بەردەم گەڕانەوەیەکی سەربەرزانەی ئاوارە و لێقەوماوانی کارەساتەکە.

لەم یادەدا، وەک هێزێکی کوردستانی دەربەست و بەرپرس، خاوەندارێتی مۆڕاڵی خۆمان لەم دۆسێ نەتەوەیی، نیشمانیی  و ئینسانییەی خەڵکەکەی خۆمان لە شەنگال دووپات دەکەینەوە، تەئکید لەسەر پاراستنی ناسنامەی ئێزدیان  وەک پێکهاتەیەکی رەسەن و زیندووی  کوردستانی و  دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەند و شایستە بۆیان دەکەینەوە.

یادی ئەم خەمە نەتەوەییە، هاوکاتی جەژنی دێرینی چلەی هاوینی ئێزدیانە کە جەژن هەمیشە نیشانەی بەردەوامی ژیان و بەردەوامی بەرەنگاری و ئیرادەی مانەوەیە، بەم بۆنەیە وێڕای پیرۆبایی لە سەرجەم خوشک و برایانی ئێزدی لە وڵات و لە تاراوگە هیوادارین ئیرادەی مانەوە و بەردەوامیان بەسەر رۆژە رەشەکانی ستەم و کارەساتدا زاڵ بێت و سەرکەوێت.

درود بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی جینوسایدی شەنگال و سەرجەم قوربانیان و شەهیدانی گەلی کوردستان و عێراق.

مەكتەبی سیاسی 
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
٣-٨-٢٠٢٤


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن