نەیمار دەرگای بەڕازیل بەڕووی ئێندریک دەکاتەوە

وەرزش

15/03/2025     ژمارەی بینراو 195

ڕاچڵەکین سپۆرت -

 

دوای ئەوەی نەیمار دا سیلڤا ئەستێرەی یانەی سانتۆس تووشی پێکان بوو، دەرگای هەڵبژاردەی بەڕازیلی بەڕووی هاونیشتیمانی لاوی خۆیدا کردەوە کە ئێندریکی فیلیپی یاریزانی یانەی ڕیال مەدریدە.

دۆریڤاڵ جونیۆری ڕاهێنەری بەڕازیل لە کۆتا خولەکدا بانگهێشتی ئێندریکی کرد بۆ تەواوکردنی پێکهاتەکەی بۆ پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 بەرامبەر کۆڵۆمبیا و ئەرجەنتین.

بەڕازیل ئامادەکاری دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڵۆمبیا لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی داهاتوودا، پێش ئەوەی لە 26ی ئازار لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال لە بوینس ئایرێس بەرامبەر ئەرجەنتین یاری بکات.

سەرەتا ئێندریک لە پلانەکانی دۆریڤاڵ جونیۆر بۆ پشووەکانی ئێستا دوورخرایەوە، بەڵام پێکانەکەی نەیمار ڕاهێنەرەکەی ناچارکرد بڕیارەکەی پێچەوانە بکاتەوە و لە کۆتا خولەکدا یاریزانەکەی ڕیال مەدرید بانگهێشت بکات.

نەیمار ئەستێرەی پێشووی یانەی بەرشەلۆنە و پاریس سانجێرمان نەیتوانیوە بەسەر کێشە جەستەییەکانیدا زاڵ بێت و بۆ ماوەی داهاتوو لە یاریگاکان دوور دەکەوێتەوە.

شایەنی باسە ئێندریک لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا لە پێکهاتەی کۆتایی بەڕازیلدا بەشدار نەبوو بەهۆی کەمی خولەکەکانی یارییکردنی لە یانەی ڕیال مەدرید، بەڵام لە چەند مانگی ڕابردوودا دۆخی یاریزانە 18 ساڵانەکە لە سەردەمی کارلۆ ئەنچیلۆتی باشتر بووە.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن