ڕاچڵەکین سپۆرت -
یانەی بەرشەلۆنە دوای کۆتایی هاتنی یارییە دراماتیکییەکەی بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید، پێکانی هەردوو ئەستێرەی مارک کاسادۆ و ئینیگۆ مارتینێزی ڕاگەیاند.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لە یاریی لوتکەی گەڕی 28ی خولی ئیسپانیا، بارسێلۆنا بەڕیمۆنتادایەکی نایاب و بە ئەنجامی 4-2 لە ئەتلەتیکۆ مەدریدی بردەوە.
بارسێلۆنا بە هەندێک پێکانەوە لە یارییەکەی ئەتلەتیکۆ مەدرید دەرچوو، دوای ئەوەی هەردوو یاریزان مارک کاسادۆ و ئینیگۆ مارتینێز لە یارییەکانی ئیسپانیا لە خولی نەتەوەکان دوورخرانەوە، ئەگەری ئەوەش هەیە کە مارتینێز لە یاریی چوونی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بروسیا دۆرتمۆند و یاریی گەڕانەوەی قۆناغی پێش کۆتایی جامی شا بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید بەشداری نەکات.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بەرشەلۆنە ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو پشکنینانەی کە بەیانی ئەمڕۆ لەسەر مارک کاسادۆ ئەنجامدراون، پشتڕاستیان کردەوە کە بەستەرەکانی ئەژنۆی ڕاستی تووشی پێکان بووە و پشکنینی زیاتری بۆ دەکرێت بۆ دیاریکردنی ماوەی پێکانەکەی.
پشکنینەکان لەسەر ئینیگۆ مارتینێز پشتڕاستیان کردەوە کە تووشی هەوکردنی لای ئەژنۆی ڕاست بووە لە بەرشەلۆنە لە ژێر چاودێری ستافی پزیشکیدا چارەسەر وەردەگرێت.
ڕۆژنامەی مارکا بڵاویکردەوە، ئینیگۆ مارتینێز بەخێرایی دەگەڕێتەوە بۆ تیپەکە، بەڵام مارک کاسادۆ ڕەنگە بۆ ماوەیەکی درێژتر لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە، ڕەنگە بۆ ماوەی دوو مانگ، ئەمەش ئەگەری هەیە کۆتایی بە وەرزی ئەستێرە لاوەکە بهێنێت لەگەڵ بارسا.