ڕاچڵەکین سپۆرت -
لالیگا وادەی نوێی یارییەکەی بەرشەلۆنە و ئۆساسۆنای لە خولی ئیسپانیا ڕاگەیاند، ئەمەش دوای دواخستنی یارییەکە بەهۆی کۆچی دوایی پزیشکی یانەی بەرشەلۆنەوە.
بڕیاربوو بەرشەلۆنە لە 8ی ئازار لە لالیگا ڕووبەڕووی ئۆساسۆنا ببێتەوە، بەڵام دوای ئەوەی پزیشکی تیپی یەکەم پێش دەستپێکردنی یارییەکە لە هۆتێلی تیپەکە گیانی لەدەستدا یارییەکە دواخرا.
لالیگا کە لە ئایندەیەکی نزیکدا وادەیەکی گونجاوی بۆ یارییە دواخراوەکە نەدۆزیوەتەوە، بڕیاریداوە یارییە دواخراوەکە لە 27ی ئازاردا ئەنجامبدات، ئەمەش بەو مانایەیە کە چەند یاریزانێکی بارسا بەهۆی پابەندبوونیان بە هەڵبژاردەی نیشتمانییەوە بەشداری یارییەکە ناکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەی لالیگادا هاتووە: بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵۆزی یارییەکە و نەبوونی وادەیەکی دیاریکراو و گونجاو بۆی بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر ڕکابەرییەکانی دیکە هەبێت کە لەلایەن لالیگاوە ڕێکنەخراون، دەبێت تاکە وادەی یارییەکەی نێوان بەرشەلۆنە و ئۆساسۆنا پێشنیار بکات، کە ڕۆژی پێنجشەممە 27ی ئازار دەبێت.
بەڵام ڕۆژنامەی "مارکا"ی ئیسپانی ڕوونیکردەوە، بۆ نموونە بەرشەلۆنە ناتوانێت پشت بە بوونی دووانە ڕۆناڵد ئاراوخۆ و ڕافینها ببەستێت کە لە ئەمریکای باشوور یاریی بۆ هەڵبژاردەکانی ئۆرۆگوای و بەرازیل ئەنجام دەدەن، سامبا لە 26ی مانگ بەرامبەر ئەرجەنتین یاری دەکات، ئۆرۆگوای لە 25ی مانگدا بەرامبەر بۆلیڤیا یاری دەکات.