لەهێرشێكی ئیسرائیلدا بۆ سەر غەززە ژمارەیەك سەركردەی حە.ما.س كوژران

جیهان

18/03/2025     ژمارەی بینراو 289

راچڵەكین-

سوپای ئیسرائیل هێرشێكی چڕو بەرفراوانی كردە سەر كەرتی غەززە، بەهۆیەوە ژمارەیەك سەركردەی بزووتنەوەی حەماس كوژران، هاوكات دەیان هاوڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی كە ژن و منداڵیان تێدایە.

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 18-3-2025 سوپای ئیسرائیل، زنجیرە هێرشێكی ئاسمانی بۆسەر كەرتی غەززە ئەنجامدا، لەكاردانەوەی رەتكردنەوەی  ئازادكردنی بارمتە ئیسرائیلییەكان لەلایەن بزووتنەوەی حەماس وەك بەرپرسانی تەلئەبیب رایانگەیاندووە.

هاوكات چەند سەرچاوەیەكی فەڵەستینی ئاشكرایان كردووە، لەهێرشەكەی ئیسرائیلدا (ئەبو عوبەیدە جماسی) ئەندامی مەكتەبی سیاسی حەماس، بەهجەت ئەبو سوڵتان، بەرپرسی ئۆپراسیۆنە ناوخۆییەكانی حەماس لەغەززە، عیسام دەعالیس، ئەندامی مەكتەبی سیاسی كەلەهەمان كاتدا سەرۆكی حكومەتی غەززە-یە لەگەڵ مەحمود ئەبو وەتفە، بریكاری وەزارەتی ناوخۆی سەربەحەماس كوژراون.

لەبەرامبەردا سەرچاوە تەندروستییەكانی فەڵەستین بڵاویانكردووەتەوە، لەئاكامی هێرشەكانی ئیسرائیلدا لانی كەم 330 كەس كوژراون كە زۆربەیان هاوڵاتی مەدەنین و ژن و منداڵیان لەناودایە.

هاوكات پێگەی (ئاكسیۆس) لەزاری بەرپرسێكی ئیسرائیلی بڵاویكردووەتەوە، پلانی هێرشكردنە سەر غەززەیان بەنهێنی هێشتووەتەوەو تەنها چەند كەسێك لێی ئاگادار بوون. وتیشی، بزووتنەوەی حەماس لەم چەند رۆژەی رابردوودا خۆی پڕچەككردووەتەوەو ئامادەكاری كردووە بۆ ئەنجامدانی هێرش دژ بەئیسرائیل.

لەلایەن خۆشییەوە كارۆلین لیفیت، سكرتێری رۆژنامەوانی كۆشكی سپی رایگەیاند، تەلئەبیب پێش ئەوەی هێرش بكاتە سەر غەززە، لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكا قسەی كردووە.

هێرشە مووشەكییەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەززە، بەیەكەم هێرشی بەرفراوان دێت لەدوای رێكەوتنی ئاگربەست لە 19ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس. 

بزووتنەوەی حەماس بڵاویكردووەتەوە، ئیسرائیل تاكلایەنە ئاگربەستی پیشێلكردووەو بەرەبەیانی ئەمڕۆ لانی كەم 35 هێرشی ئاسمانی بۆسەر كەرتی غەززە ئەنجامداوە.

لەلایەكی ترەوە، یسرائیل كاتس-ی وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاندووە، ئەگەر بێتو حەماس بارمتە ئیسرائیلییەكان ئازاد نەكات ئەوا " دەرگای دۆزەخ لە غەززە دەكرێتەوە."



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن