راچڵەكین-
سەرۆكی ئەمریكا و هاوتا رووسییەكەی گفتوگۆ لەسەر جەنگی ئۆكراینا دەكەن. سەرچاوەكانی هەواڵیش دەڵێن، دۆناڵد ترەمپ كار بۆ ئەوە دەكات ڤلادیمێر پوتن بەئاگربەست رازی بكات لەپێناو كاركردن بۆ كۆتایی هێنان بەو جەنگە كەماوەی سێ ساڵە بەردەوامە.
دیمتری بیسكۆڤ وتەبێژی سەرۆكایەتی رووسیا ( كرملین) جەختلەوەدەكات، ئەمڕۆ سێشەممە 18-3-2025 هەریەك لە ڤلادیمێر پوتین-ی سەرۆكی رووسیاو دۆناڵد ترەمپ-ی هاوتا ئەمریكییەكەی بەتەلەفۆن قسە لەگەڵ یەكتر دەكەن. بەبێ ئەوەی ناوەرۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە ئاشكرا بكات.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاندبوو، بەنیازە رۆژی سێشەممە لەبارەی كۆتایی هێنان بەجەنگی ئۆكراینا، لەگەڵ هاوتار رووسییەكەیدا گفتوگۆ بكات .
ستیڤ ویتكۆڤ، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەراست رایگەیاندووە، ترەمپ و پوتین، گفتوگۆیەكی زۆر ئەرێنیانە ئەنجام دەدەن " مۆسكۆو كیێڤ خوازیارن ئەو دۆخەی ئێستا هەیە كۆتایی پێبێت."
هەیینی رابردوو، كرملین رایگەیاندوو، ڤلادیمێر پوتین-ی سەرۆكی رووسیا لەرێی نێردەی ئەمریكاوە، نامەیەكی رەوانەی دۆناڵد ترەمپ كردووە لەبارەی پرۆژەی ئاگربەستی 30 رۆژە كە پێشتر ئۆكراینا رەزامەندی لەسەر نیشانداوە، بەڵام تائێستا كرملین وەڵامێكی ئەرێنی نەداوەتەوە.