راچڵەكین -
وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەیت رووسیا ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان ڤلادیمێر پوتین و دۆناڵد ترەمپ ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت: لەسەر داوای سەرۆكی ئەمریكا، پوتین فەرمانی بە سوپای رووسیا كرد بۆماوەی 30 رۆژ هیچ هێرشێك بۆسەر دامەزراوەكانی وزەی ئۆكراینا ئەنجام نەدەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، هەردوو سەرۆكی رووسیا و ئەمریكا پەویەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و تەوەری سەرەكیی پەیوەندییەكەش، راگرتنی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆكراینا بوو.
دمیتری پێسكۆڤ، وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی رووسیا (كرملین) لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، ناوەڕۆكی پەویەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان پوتین و ترەمپ ئاشكرا كرد و رایگەیاند: هەردوو سەرۆك بە دوورو درێژی و راشكاوانە بۆچوونی خۆیان لەبارەی راگرتنی شەڕ و بارودۆخی ناچەكەو پرسی ئاشتی دەربڕی، دۆناڵد ترەمپ پێشنیازی كرد هەردوو لایەنی شەڕكەر بۆماوەی 30 رۆژ هێرشەكانیان بۆسەر دامەزراوەكانی ژێرخانی وزە رابگرن، سەرۆكی رووسیاش رەزامەندی لەسەر پێشنیازە دەربڕی و فەرمانی بە سوپای وڵاتەكەی كرد دەستبەجێ پابەندی پێشنیازەكە ببن و هیچ جۆرە هێرشێك بۆسەر دامەزراوەكانی وزەی ئۆكراینا ئەنجام نەدەن.
وتەبێژی كرملین راشیگەیاند: مەرجی سەرەكیی رووسیا بۆ بەرگرتن لە پەرەسەندنی زیاتری شەڕكە، راگرتنی هاوكارییە سەربازییەكانە بۆ ئۆكراینا و پێنەدانی زانیاری هەواڵگرییە بەو وڵاتە.