رووسیا و ئۆكراینا سەدان دیلی جەنگ ئازاد دەكەن

جیهان

19/03/2025     ژمارەی بینراو 226

راچڵەكین -

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، لەچوارچێوەی پرۆسەی ئازادكردنی دیلەكانی جەنگ، 197 سەربازی دیكەی سوپای ئۆكراینایان ئازادكردووە كە لە بەرەكانی جەنگدا بەدیل گیرابوون، لە بەرامبەریشدا ئۆكراینا 175 دیلی رووسیا ئازاد دەكات.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، هێزەكانیان لەسەر داوای ئیمارات، كە نێوەندگیری دەكات بۆ ئازادكردنی دیلەكانی جەنگ، 175 سەربازی دیلی ئۆكراینایان ئازادكرد و گەڕانەوە وڵاتەكەیان، هاوكات 22 سەربازی دیكەشیان ئازادكرد كە لە شەڕدا بەسەختی بریندار ببوون.

لە بەرامبەردا سوپای ئۆكراینا 175 سەربازی دیلی رووسیای ئازادكرد و سەرجەمیان رەوانەی وڵاتی بێلارووس كران، بۆئەوەی دواتر بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكەیان.

لەماوەی سێ ساڵەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكراینا، بە نێوەندگیری سعودیەو ئیمارات، تائێستا زیاتر لە سێ هەزار و 230 سەربازی دیلی جەنگ لەنێوان ئەو دوو وڵاتە ئازادكراون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن